بەرزی پلەکانی گەرما هاووڵاتیانی ڕاپێچی چەم و ڕووبارەکان دەکات

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، هاووڵاتیان ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکان، بەتايبەتیش ئەو ناوچانە دەکەن کە سەرچاوی ئاوی لێیە.

بۆ خۆ پاراستن لە گەرمای هاوین و بەسەربردنی کاتێکی خۆش، هاووڵاتیان لە تاو گەرمای پڕوکێنەر ڕوو لە چەم و ڕووبارەکان دەکەن و کاتەکانیان بە مەلەکردن بەسەر دەبەن.

بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرما توندەی ڕووی لە عێراق و هەرێمی كوردستان کردووە، سەیرانگا و چەم و ڕووبارەکان جمەیان دێت.

بەشێک لە هاووڵاتیان کە خاوەنی باخ و شوێنی تایبەت بە خۆیانن، ڕۆژە گەرمەکان و ڕۆژانی پشوو لە دەرەوەی شار و دوور لە جەنجاڵی و گەرمای ناو شارەکان بەسەر دەبەن، ژمارەیەکیشیان چەم و ڕووبارەکانیان کردووەتە مەنزڵگەیەک بۆ ڕزگار بوون لە گەرمای تاقەت پڕوکێنەر.

ئەو هاوینەهەوار و گوندانەی لە نزیک شارەکانن و خاوەنی ئاوی سازگارن بوونەتە جێی سەرنجی هاووڵاتیان و بە لێشاو ڕووی تێدەکەن.

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە شەش پارێزگای عێراق پشوو فەڕمی ڕاگەیەندرا و، فەرمانگەی کەشناسی هۆشداریدا لەوەی لە چەند پارێزگایەک پلەکانی گەرما دەگاتە 50 پلەی سەدی.

ھەواڵی زیاتر