مەسرور بارزانی: ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش هێشتا مایەی هەڕەشە و مەترسییە

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە خانەوەدای ئەو کارمەندەی ئاسایش دەکات کە له‌ شەڕی دژی داعش له‌ قه‌ره‌هه‌نجير شه‌هيد بوو و دەڵێت، “ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش هێشتا مایەی هەڕەشە و مەترسییە”. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 14-07-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پرسە و سەرەخۆشیی و هاوخەمیی “قووڵی”ـی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەهید جوامێر عەزیز ڕەشید کرد کە ئەمڕۆ بە هۆی هێرشی تیرۆریستانی داعش لە قەرەهەنجیر شەهید بوو.

لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، “خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە بنەماڵەکەیان ببەخشێت. هەروەها هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکە دەخوازم”.

بە گوتەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، “ئەم هێرشەی چەکدارە تیرۆریستەکانی داعش، دووپاتی دەکاتەوە کە ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە، هێشتا مایەی هەڕەشە و مەترسییە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەردەوام بێت لە هاوکاریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان”.

ئەمە لە کاتێکدایە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کاتژمێر 08:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە شارەدێی  قەرەهەنجیر، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کەرکووک پاش دەستخستنی زانیاری پێشوەخت و چاودێریی ورد و  بۆ دەستگیرکردنی دوو چەکداری داعش چوون پاش ڕووبەڕووبوونەوە، تیرۆریستێک کوژرا و یەک لە تیرۆریستان بە برینداری دەستگیر کراوە.

هەروەها ئاماژەی داوە، لە ڕووبەڕوو بوونەوەکەدا کارمەندێکی ئاسایش بەناوی جوامێر عەزیز ڕەشید شەهید و کارمەندێکی دیکەش بریندار بووە.

هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، هەردوو چەکدارەکەی داعش بە مەرامی کردەوەی تیرۆریستی دزەیان کردبووە ناوچەکە؛ پێشتریش لە کردەیەکی تیرۆریستیدا کارمەندێکی پۆلیسیان لە گەڕەکی شۆراوی کەرکووک شەهید کردووە. لە کردەوەیەکی دیکەش لە گەڕەکی پەنجا عەلی لە کاتی دانانی بۆمبی چێنراو ڕووبەڕوبونەوە ڕوویدا و کارمەندێکی پۆلیس شەهید بوو و هەرروەها لە کردەوەی سێهەمیاندا دوو کارمەندی دیکەی پۆلیسی کەرکووکیان لە ناو بازاڕی شارەکە شەهید کردووە.

هەروەها لە کردەوەی چوارەمدا لە بەردەم نەخۆشخانەی جمهووری ئەفسەرێکی پۆلیسیان شەهید کردووە و دەستیان لە چەندین کردەوەی دیکەی تیرۆریستی هەبووە.

ھەواڵی زیاتر