سلێمان تاشان – ههولێر
ئەمڕۆ یەکشەممە، ساڵوەگەڕی ڕووداوێکی گرنگی سیاسییە لە مێژووی عێراق، ڕووداوێک کە بە دوو شێوە ناو دەهێنرێت یەکێکیان بە ناوی شۆڕشی چواردەی تەمووزە و دووەمیشیان بە ناوی کودەتای چواردەی تەمووز. ئەمڕۆ شەشت و شەش ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێدەپەڕێت، ڕووداوێک کە دەرەنجامەکەی بۆ یەکەم جار داننان بە مافەکانی کورد و بەڵێنی هاوبەشیی کورد و عەرەبی بەدواوە بوو بەڵام ئەمە هەرگیز بەدی نەهات.
وەک ئاشکرایە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانی لە ساڵی ٢٠١٨ و دوای پێنج ساڵ لە جەنگێکی خوێناوی کە بە جەنگی یەکەمی جیهانی ناسرابوو، کۆمەڵێک دەوڵەتی نوێ لە ناوچەکە هاتنە کایەوە و عێراقیش یەکێک بوو لەو دەوڵەتانەی کە دامەزرا و بە بێ لەبەرچاوگرتنی پێکهاتەکانی و دابینکردنی مافی سەرجەم ئەو گەلانەی لە عێراق دەژیان، لە ژێر سەرپەرشتیی بەریتانیا، دەسەڵات بە بنەماڵەیەکی بەناوبانگ و ناسراوی عەرەبی سوننە درا.
یەکەم پاشای عێراق فەیسەڵی یەکەم و کۆتا پاشایان فەیسەڵی دووەم بوو کە لەژێر سەرپەرشتیی بەریتانییەکان سی و حەوت ساڵ حوکمیان کرد. ئەو دۆخە بەردەوام بوو تا چواردەی تەمووزی ساڵی ١٩٥٨ کە ئەفسەرێکی سوپای ئەوکاتی عێراق بە ناوی عەبدولکەریم قاسم ڕادەپەڕێ و لە چوارچێوەی کودەتایەکی سەربازی کۆتایی بە دەسەڵاتی پاشایەتی دەهێنێت و بەهۆی کودەتاکە هەریەک لە مەلیک فەیسەڵی دووەم و شازادە عەبدوڵا و نووری سەعید سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق دەکوژرێن.
لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا عەبدولکەریم قاسم بووە یەکەم سەرۆک کۆماری عێراق و ڕژێمی دەسەڵاتداری لە عێراق لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری گۆڕدرا. لە سەرەتادا ئەوانەی دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتبوو بانگەشەیان بۆ دەستپێکردنی لاپەڕەیەکی نوێ دەکرد و تەنانەت هەندێک هەنگاوی ئەرێنییان نا، بەڵام زۆری نەبرد سەرانی ئەو بزووتنەوەیە لە بەڵێنەکانی خۆیان ھەڵگەڕانەوە و دەستیان کرد بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی سەرکوتکردن کورد.
رووداوەکە کۆمەڵێک دەستکەوتی بۆ کورد هەبوو بەڵام دواتر پشتگوێ خرا و جێبەجێ نەکران و کوردیان لە دەسەڵاتدارانی نوێ نائومێد کرد.
لە مادەی سێی دەستووری ئەو کاتی عێراق باس لەوە کرا كە كورد و عەرەب هاوبەشن لە ئەرك و ماف، ئەمەش بووە هۆی بە فەرمی ناساندنی مافی كورد لە چوارچێوەی كۆماری عێراقدا کە تا ئەو کات بێوێنە بوو. بڕیار درا ئابووریی كوردستان چاك بكرێت و زەوی بەسەر جووتیارانی كورد دابەش بكرێت بۆ زیاتر برەودان بەكەرتی كشتوكاڵ، چونکە کوردستان لە سەردەمی پاشایەتی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک جەنگ و ماڵوێرانی ببوویەوە.
دەستکەوتێکی تر ئەوە بوو بڕیاردرا لە بری فەرمانبەری عەرەب، فەرمانبەری كورد لە ناوچە کوردستانییەکان دابمەزرێن، بۆ ڕاییكردنی كاروباری خەڵك بە شێوەیەكی دوور لە دەمارگیری.
هەریەك لە خێروڵا عەبدالكریم، عیزەت عەبدولعەزیز، محەمەد مەحموود قودسی و مستەفا خۆشناو، بە شەهیدی نیشتمان هەژمار كران، ئەم چوار ئەفسەرە كوردە پێشتر لەسەردەمی پاشایەتی لە ساڵی ١٩٤٧ بە پێی بڕیاری دادگای سەربازی لە سێدارە درابوون.
دوای شۆڕش بڕیاری لێبوردنی گشتی درا بۆ سەرجەم دەستگیركراوان، ئەمەش بوە هۆی ئازادكردنی شێخ ئەحمەد بارزانی و شێخ عەبدول لەتیفی كوڕی شێخ مەحموودی حەفید. هاوکات بڕیاری لێبوردنی گشتی بۆ دوورخراوانی وڵات دەرچوو.
یەکێک لە گرنگترین ڕووداوەکانی دوای شۆڕش ئەوە بوو مستەفای بارزانی ڕێبەری بزووتنەوەی نەتەوەیی گەلی کورد کە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستانەوە پەنای بۆ یەکێتی سۆڤییەت بردبوو گەڕایەوە عێراق و بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا. عەبدولكەریم قاسم، سەرۆك كۆماری عێراق لە حەوتی تشرینی یەكەمی ١٩٥٨ پێشوازی لە مستەفا بارزانی و یاوەرانی كرد.
عەبدولکەریم قاسم لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە و تەنگژە بەرەوڕوو بوو و نەیتوانی وەک پێویست سەرۆکایەتیی شۆڕش بکات خۆ کە بە کودەتا بە دەسەڵات گەیشتبوو دواتر خۆیشی بووە قوربانیی کودەتا و زنجیرەیەک کودەتای سەربازی عێراقی تەنی و لە شوباتی ١٩٦٣ عەبدولسەڵام عارف بەهۆی کودەتا هاتە سەر كورسیی دەسەڵات و ١٩٦٦ لە دەسەڵات مایەوە و دوای ئەویش عەبدولرەحمان بەزاز بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك سەرۆكی كاتیی عێراق بوو و بەدوایدا لە ساڵی ١٩٦٦ عەبدولرەحمان عارف هاتە سەر كورسی دەسەڵات و ساڵی ١٩٦٨ ئەویش كودەتای بەسەردا كرا. لە دەرئەنجامی كودەتاكە كە بە كودەتای بەعسییەكان ناودەبرێت، ئەحمەد حەسەن بەكر هاتە سەر كورسیی دەسەڵات.
مستەفا بارزانی هەر زوو لە نیەتی بەغدا تێگەیشت و لە یازدەی ئەیلوولی ١٩٦١ ڕابەرایەتی گەورەترین شۆرشی چەكداری لە دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا كرد کە بە شۆڕشی ئەیلوول ناسرا و چواردە ساڵی خایاند و تێیدا چەندان دەستكەوتی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ خەڵكی كوردستان بەدی هێنان.
یەکێک لە گرنگترتن دەستکەوتەکان ئەوە بوو لە ١١ی ئاداری ١٩٧٠ مستەفا بارزانی و حكوومەتی عێراق لەسەر پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان ڕێككەوتن، یەكەم جار بوو لە مێژووی كوردستاندا، شۆڕشێكی كوردستانی بە نۆ ساڵ خەبات، بتوانێت ئەو دەستكەوتە مێژوویە بۆ خەڵكی كوردستان مسۆگەر بكات.
کورد لە ململانێ و خەباتی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کۆمەڵێک هەوراز و نشێوی بڕی و دواتر لە ساڵی ١٩٩١ و ٢٠٠٣ دەسکەوتی گەورەی بەدەست هێنا و لە ٢٠٠٥ ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە نووسینی دەستووری سیستمێکی نوێی فیدراڵی، بەڵام چ ئەو کات و چ ئێستا هەر چەندە لە دەقە دەستوورییەکاندا بە ڕاشکاوی باس لە مافەکانی گەلی کورد کراوە بەڵام هەرگیز ئەو مادە دەستوورییانە لە لایەن دەسەڵاتدارانی کۆن و نوێ جێبەجێ نەکراون و بە بیانووی جیاواز لەمپەریان بۆی دروست کردووە و هەرگیز کوردی بە هاوبەشێکی سەرەکی نەزانیوە.