پارێزگاری هەولێر بەردی بناغەی پڕۆژەی درووستکردنی ڕێگە بۆ چەند گوندێک بەگوژمەی دوو ملیار و 100 ملیۆن دینار دانا

ئەمڕۆ شەممە 13-7-2024، بە چاودێری و ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بە یاوەری مەسعوود کاڕەش جێگری پارێزگار و کاروان عارف بەڕێوەبەری ناحییەی شەمامک و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی درووستکردنی ڕێگە بۆ گوندەکانی (بنبێرزی گەورە، شێخە شەل، گاینجی گەورە و گردچاڵ) داندرا.
گووژمەی پڕۆژەکە دوو ملیار و 100 ملیۆن دینارە و بەشێکن لە پڕۆژەکانی سندووقی کۆمەڵایەتی بۆ پەرەپێدان بە قەرزی بانکی نێودەڵەتی، بەهەماهەنگی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی عێراق و هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر ئەنجام دەدرێت.
لەمیانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی ڕێنمایی و فەرمانەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دووپات لەسەر ئەوە دەکاتەوە، زیاتر دەستی خزمەتگوزاری بۆ ئەو شوێنانە درێژ بکرێت و پرۆژە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی تێدا بکرێت کە لەڕابردوودا وەکو پێویست خزمەت نەکراون.
ئاماژەی بەوەش دا، دەبێت خزمەتگوزارییەکان لە نێوان شار و دەرەوەی شار یەکسان بێت، هەروەها یەکێک لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیش ڕێگەوبانە، کە لەدوای ئەوە خزمەتگوزارییەکانی دیکە دەست پێ دەکەن، کە هەموو کۆڵانی گوندەکانی “گاینج، بنبێرز، شێخەشل و گردە چاڵ” قیرتاو دەکرێن، درێژیەکەشی 10 کیلۆ مەترە.
ئومێد خۆشناو، باسی لەوەش کرد، چەند پرۆژەیەکی دیکە بەتایبەتی لە بواری ئاو ئەنجام دەدرێن و بەشێکیان دەستییان پێ کردووە، بەشێکی دیکەش لە ئایندە دەست پێ دەکرێن.

ھەواڵی زیاتر