وەزیری ناوخۆ بۆ گەنجان: پێویستە داینەمۆی پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بن

وەزیری ناوخۆ بە پێویستی دەزانێت، گەنجان داینەمۆی پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بن و دووپاتیشی دەکاتەوە، کابینەی نۆیەم لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە درێغی لە پشتیوانیی گەنجان و پرۆژەکانیانی نەکردووە. 

ئەمڕۆ شەممە، 13-07-2024، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا باسی لە پلانی حکوومەت بۆ پاڵپشتیی گەنجان، ڕەخساندنی هەلی کار و چەند بابەتێکی دیکەی کرد.

پاڵپشتیی کابینەی نۆیەم بۆ گەنجان

وەزیری ناوخۆ گوتی: “لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بابەتی پشتیوانیی گەنج و گەشەپێدانی تواناکانیان، یەکێک بووە لە کارە لە پێشینەکانی حکوومەت و بە کرداریش ئەمەمان سەلماندووە”.

 ڕێبەر ئەحمەد، گوتی “سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەی ڕووبەڕوومان بوونەوە، بەڵام هیچ کات درێغیمان نەکردووە لە پشتیوانی هیچ پرۆژەیەک، بە پرۆژەی داراییشەوە کە پاڵپشت بێت بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان و پێشکەوتنیان”.

وەزیری ناوخۆ بە گەنجانی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند “ئێمە باوەڕیی تەواومان هەیە کە داهاتووی ئەم نیشتمانە لە دەست ئێوەدایە. دەبێت بەشداریی ڕاستەقینەتان هەبێت لە دروستکردنی ژێرخانیی ئابووریی و سیاسیی کوردستانێکی بە‌هێزتر”.

هەوڵەکان بۆ نائومێدکردنی گەنجان

ڕێبەر ئەحمەد بە پێویستی دەزانێت گەنجانی هەرێمی کوردستان بەشێک بن لە داینەمۆی سەرکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و هەرگیز نەهێڵن، بێ ئومێد بکرێن و سەرکەوتنەکانیان نادیدە بگرن. پێیانیشی گوت، “دەبێت ئێوە زیرەکانە و هۆشیارانەتر ڕووبەڕووی ئەو هەوڵانە ببنەوە”.

وەزیری ناوخۆ بۆ گەنجانی دووپات کردەوە، “ڕاستە کەموکووڕی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت خۆتان ڕادەستی ئەو شەپۆلانە بکەن کە دەیانەوێت کوردستانتان لا ناشرین بکەن”.

هەلی کار و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان

بە گوتەی وەزیری ناوخۆ، “سەقامگیری، هەلی کار و دەرفەتی پێشکەوتن لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، لە زۆر شاری وڵاتانی ناوچەکە باشترە” و بە گەنجانی ڕاگەیاند، “هەرگیز بە کەم سەیری پێشکەوتنەکانتان مەکەن و ڕاستییەکان وەکو خۆیان ببینن”.

ڕێبەر ئەحمەد باسی لەوەش کرد، “ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە نزیکەی 100 هەزار ڤیزا بە دەستی کاری بیانی دەدەین، بۆیە هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەوەی بڵێین لە هەرێمی کوردستان هەلی کار نییە”. بۆ گەنجانی دووپات کردەوە، “هەلی کار لە هەرێمی کوردستان یەکجار زۆرە، تەنها دەمێنێتەوە ئێوە چۆن خۆتان دەیاندۆزنەوە و خۆتان بسەلمێنن و ئاییندەیەکی گەشتر بۆ خۆتان فەراهام بکەن”.

بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان

بە گوتەی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، “عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە سەرچاوە و سامانی سرووشتی، بەڵام هیچ کات ئەم سەرچاوە سرووشتییانە نابنە هۆی بەرەوپێشچوونی ڕاستەقینە، ئەگەر لە ڕێگەی حووکمرانییەکی باشەوە بەڕێوە نەبرێت”.

ڕێبەر ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە، “قەیرانەکان لە پشتیوانیی کەرتی تایبەت و بازرگانیی بچووک ڕایان نەگرتووین بۆ ئەوەی گەنجە لێهاتووەکانمان هەلی کاری زیاتریان بۆ برەخسێت و داهاتی باشتریان دەستبکەوێت و بۆ کار منەتیان بە چاوەڕاونی دامەزراندنی حکوومی نەبێت”.

ھەواڵی زیاتر