پۆلیسی هەولێر 12 کەسی بە تۆمەتی مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بە چەکی بێمۆڵەت دەستگیر کرد

پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەستیان بەسەر چەندین پارچە چەک و تەقەمەنیدا گرت و هەروەها 12 تۆمەتباریش دەستگیر كران كە مامەڵەیان بەو چەكانە دەكرد.

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند: دوای ئەوەی لەلایەن هاووڵاتییانەوە ئاگادار کراینەوە کە لە شوێنێکی شاری هەولێر بە شێوەیەکی نایاسایی مامەڵە بە کڕین و فرۆشتنی چەکەوە دەکرێت، دەستبەجێ تیمەکانمان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.

راشیگەیاند: پاش لێکۆڵینەوەیەکی ورد و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو شوێنە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، ئۆپەراسیۆنێکمان بۆ سەر ئەو شوێنە ئەنجام دا و توانیمان دەستبەسەر چەندین جۆر پارچە چەکدا بگرین، لەوانە (1 قەناس)، (18 دەمانچە)، (9 کلاشینکۆف)، (174 مەخزەنی چەک)، زیاتر لە (6 هەزار فیشەکی جۆراوجۆر) و چەندین کەلوپەلی سەربازیی تر و ژمارەیەک ئۆتۆمبێل.

هەروەها رایگەیاند: هەر لە ئۆپەڕاسیۆنەكەدا 12 تۆمەتبارمان دەستگیر کرد کەوا مامەڵەیان بە چەکی نایاساییەوە دەکرد و بەپێی ماددە (15)ی چەک دراونەتە دادگا و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.

جەختیش لەوە كرایەوە: ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە هەر شوێنێک مامەڵە بە کڕین و فرۆشتنی هەر جۆرە چەکێکەوە بکرێت، دەستبەجێ دەستبەسەر چەکەکاندا دەگرین و ئەو کەسانەش دەستگیر دەکەین کە مامەڵە بە چەکی نایاساییەوە دەکەن، ئەمەش لەپێناو جێبەجێکردنی یاسای قەدەخەکردنی چەک و کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوان.

لە كۆتاییدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە دا: سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی هاووڵاتییانی شاری هەولێری خۆشەویست دەکەین، کە بەردەوام لەگەڵمانن بۆ پێدانی زانیاری و خۆشبەختانە لە ئێستادا هەماهەنگییەکی باش لەنێوان هێزەکانی پۆلیس و هاووڵاتیاندا هەیە

ھەواڵی زیاتر