نزیکەی یەک لەسەر سێی حوکمدراوانی چاکسازییەکان بەهۆی ماددەی هۆشبەرە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

سەرەڕای ڕێوشوێنی توندی لایەنە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەرک و ماندووبوونی نەپساوەی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ کەسانێک لە قاچاخیی ماددەی هۆشبەر و بڵاوکردنەوەی مادەکە یان گواستنەوەی بۆ وڵاتان و شوێنی تر بەردەوامن و نێوەنێوە ئاسایش گرتنی ژمارەیەکیان ڕادەگەیەنێت و ڕێژەی ئەو جۆرە تاوانبارانە لە گرتووخانەکانی هەرێمی کوردستان ساڵ بە ساڵ زیاد دەکات.

گیرانی ژمارەیەکی زۆری تۆمەتباری پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر و لە هەمان کاتدا ڕێژەیەکی بەرزی حوکمدراوان لە نێو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئەگەر لە لایەک هێما بێت بۆ سەرکەوتن و دەستوبردی هێزەکانی ئاسایش ئەوە لە لایەکی تر سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان لەبەردەم دیاردەیەکی زۆر مەترسیداردایە و دۆخەکە ئەوە دەخوازێت رێکاری توندوتۆڵتر بەرانبەری بگیرێتە بەر.
بەگوێرەی ئاماری چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ژمارەی ئەو کەسانەی بە تاوانی جۆراوجۆر حوکمیان بەسەردا سەپێنراوە و لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان خەریکە ماوەی حوکمەکەیان تێپەڕ دەکەن دەگاتە چوار هەزار و پێنجسەد کەس. سەیر لەوەدایە لەو ژمارەیە هەزار و چوارسەد کەسیان بەهۆی بەکارهێنان یان بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە حوکم دراون.
دەرەنجامی ئەو ئامارە دەری دەخات کە زیاتر لە سی و یەک لەسەدای حوکمدراوانی هەرێمی کوردستان پێوەندییان بە مادەی هۆشبەرەوە هەیە و ئەمەش رێژەیەکی زۆر بەرزە و ئەگەر هەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا گرتووخانەکان تەنیا بەشی حوکمدراوانی ماددەی هۆشبەر دەکات.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاکسازییەکان ساڵانی پێشتر ساڵانە ژمارەی ئەو کەسانەی لەسەر ماددەی هۆشبەر سزا دەدرا دەگەیشتە پەنجا کەس بەڵام تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا چوارسەد کەس حوکم دراون و ژمارەکە چەندین هێندە زیادی کردووە.
هەر دوێنێ بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان رای گەیاند چوار تۆمەتباریان گرتووە و دەستیان بەسەر حەڤدە کیلۆ ماددەی هۆشبەریشدا گرتووە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە لە دوو چالاکیدا چوار تۆمەتبارەکە گیراون کە کاری گواستنەوە و بازرگانیی ماددەی هۆشبەریان کردووە. لە راگەیەنراوەکە ئاماژە بە شوێنی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان نەکراوە بەڵام باس لەوە کراوە بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دژی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و ڕێگریکردن لە بازرگانیکردن بەم مادە مەترسیدارە و گرتنەبەری رێکاری پێویست، ساڵانە کۆمەڵێک کۆنفرانسی بۆ هۆشیارکردنەوە و رووبەڕووبوونەوەیان بەڕێوە بردووە، دیاردەکە جیهانییە و بۆ بنڕکردنی پێویستی بە هاوکاریی نێودەوڵەتیی و وڵاتانی دراوسێ و ڕێوشوێنی زیاتر هەیە.
هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە دوو سنوورەوە مەترسیی ئەوەی لەسەرە ماددەی هۆشبەری لێیەوە هاوردە بکرێت کە یەکێکیان سنووری هەرێمی کوردستانە لەگەڵ ئێران و دووەمیشیان سنووری درێژی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقە و لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هاتووەتە کایەوە، دەرفەتی زیاتری بە بازرگانانی ماددەی هۆشبەر داوە تا پەرە بە قاچاخبردنی مادەی هۆشبەر بدەن.
دۆخەکە لە عێراق زۆر خراپترە و بازرگانان و قاچاخچیانی هەر دوو بەش بە یەکەوە پێوەندییان هەیە و بۆیەش هاوکاریکردنی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دژی ئەم دیاردەیە دەتوانێت کاریگەری باشی هەبێت.
بە پێێ ماددەی ٢٦ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی کوردستان، ئەو کەسانەی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن بە توندی سزا دەدرێن کە سزای پازدە تا نەوەد ملیۆن دینار پێبژاردن و بەنکردنیشیان بۆ دیاری کراوە.
ئەو یاسایانەی لە هەرێمی کوردستان بۆ سزادانی بازرگانان و بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر داندراون زۆر توند نین و لە کۆنفرانسەکاندا داوای توندتریان کراوە.
ساڵی ڕابردوو سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان گوتی لە ساڵی ١٩٦٥ یاسای ژمارە ٦٨ هەبوو لە عێراق سزایەکی زۆر توند بوو و ئەمەش ترسی لای بازرگانان و بەکارهێنەران دروست کردبوو و تەنانەت خەڵک دەترسان ناوی ماددەی هۆشبەر بێنن. تا ٢٠٠٣ دۆخەکە لەم رووەوە زۆر باش بوو بەڵام دواتر بەهۆی خراپیی دۆخی ئەمنیی عێراق بەتایبەتی بازرگانەکان بە هەلیان زانی بۆ ئەوەی ماددەی هۆشبەر بێنە ناو عێراق دواتریش بۆ هەرێمی کوردستان.
هەرێمی کوردستان نەیاری زۆرە و دوژمنانی کورد لە رێی جیاوازەوە دەخوازن زیان بە هەرێمی کوردستان بگەیەنن. دوژمنان چاویان بەوە هەڵنایە کوردستان خاوەنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست بێت و دەخوازن لە تواناکانی بیرکردنەوە و چالاکییەکانی کەم بکەنەوە و تاکەکانی لاواز و سست ببن و دواجار کۆمەڵگەیەک هەبێت کە مرۆڤەکانی بێدەسەڵات بن و بە ئاسانی بکەونە ژێر کاریگەری پیلان و فریوکارییەکان.

ھەواڵی زیاتر