دوای 12 کاتژمێری دیکە ئاوی ئیفراز دەگاتەوە گەڕەکەکانی هەولێر

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر ئاشکرای کردووە، هەموو ئەو گەڕەکانەی بەهۆی شکانی لوولەی گوێزەرەوەی ئیفرازی سێ، بێئاو بوونە، دوای 12 کاتژمێری دیکە لوولەکە چاک دەکرێتەوە و ئاو دەگاتەوە گەڕەکەکان.

چوارشەممە 10ـی تەممووزی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ هێڵی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفرازی سێی هەولێر شکا، ئێستە وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفرازی سێ کارەکانی ڕاگرتووە و پڕۆسەی کارکردن بۆ چاککردنەوە دەستی پێ کردووە.

ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ڕایگەیاندووە، بەبەردەوامی کار لە چاککردنەوەی لوولەکە دەکرێت و لە ماوەی کەمتر لە 12 کاتژمێری داهاتوو، ئاوی پاك دەگاتەوە هاووڵاتیان.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر داوا لە هاوڵاتیان دەکات هاوکاربن تا کاتی چاککردنەوەی لوولەکە دەست بە ئاوەوە بگرن، ئاشکراشی کردووە، بەشێك لەو گەڕەکانەی کە لە هێلی ئاوی ئیفراز سێ ئاویان  بۆ دابین دەکرێت کەبەهۆی شکانی لوولەکە بێ ئاو بوونە، بریتین لە گەڕەکەکانی هەولێری نوێ،  فەرمانبەران، پێنجـی حەسارۆکان، مامۆستایان، قەلاتی نوێ، هاوکاری،  تەواوی گەڕەکەکانی نێوان شەقامی شۆڕش و شەقامی کەرکووک ، شێخ ئەحمەد، گوڵان، هەڤاڵان، باداوە ، 94ـی باداوە، زانکۆ و گەڕەکەکانی ناو شەقامی ٦٠ مەتری.

پرۆژەی ئیفرازی سێ‌ 40%ی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتیوانی شاری هەولێر دابین دەكات، بەهۆی سەرپێچی و زێدەڕۆیی، چەند جارێك لوولەکە دەشكا و بۆ ماوەیەك بەشێكی زۆری دانیشتیوانی شاری هەولێر بێ‌ ئاو دەبوون.

چارەی ریشەیی ئەو كێشەیە، گۆڕینی لوولەی هێڵی گواستنەوەی ئاوی ئیفرازی سێی هەولێرە لە لوولەی (GRP)ی تیرە (1500) ملیمەوە بە لوولەی كاربۆن ستیل، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی لەسەر خەرجكردنی گوژمەی پرۆژەكە داوە کە بریتییە لە 20,842,500,600 دینار.

ھەواڵی زیاتر