یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

کونسوڵی نوێی تورکیا: وڵاتەکەم خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان

بارەگای بارزانی بڵاویکردووتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی تەممووزی 2024، سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ئێرمان تۆپچو کونسوڵی نوێی تورکیا لە هەولێر کرد.

لە دیدارەکەدا کونسوڵی نوێی تورکیا لە هەولێر سڵاو و ڕێزی وەزیری دەرەوەی تورکیای بە سەرۆک بارزانی گەیاند و جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی خوازیاری ئەوەیە باشترین پەیوەندی لە بوار جۆراوجۆرەکاندا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەبێت.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا ئاڵۆگۆڕ کرا و کونسوڵی تورکیا ئەو سەردانەی بە مێژوویی و کاریگەر وەسفکرد.

هەروەها سەرۆک بارزانی وێڕای باسکردنی هۆکارەکانی سەردانی هەفتەی ڕابردوو بۆ بەغدا، دووپاتکردەوە کە لێکتێگەیشتن و دیالۆگ لە چوارچێوی دەستوور باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

هاوکات سەرۆک بارزانی هیوای سەرکەوتنی بۆ کونسوڵی نوێی تورکیا خواست لە ئەرک و کارەکانیدا. هەروا بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە تەوەری دیکەی دیداری سەرۆک بارزانی و کونسوڵی نوێی تورکیا بوو.