چوار بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکران

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەڵێت، چوار تۆمەتباریان دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر (17) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵدا گرتووە.

ڕۆژی چوارشەممە، 10-07-20274، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، “لە بەردەوامیی هەوڵەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری و پاشان وەرگرتنی فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە ڕێکەوتی 26-05-2024، تاوەکوو 03-07-2024،  تیمەکانی بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان لە دوو چالاکیدا توانییان چوار تۆمەتبار کە کاری گواستنەوە و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر دەکەن، دەستگیر بکەن”. 

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، “لەم دوو چالاکییەدا بڕی (17) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ دەستی بەسەردا گیرا. ئێستا هەر چوار تۆمەتبار بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ڕاگیراون و لەژێر لێکۆلینەوەدان”.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر توانراوە 600 تۆمەتباری ماددە هۆشبەرەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش دەستگیر کراون.

بەپێی ئامارەکان، 80%ـی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵیدایە و 10%ـی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکانیش ئافرەتن و 4%ـیش تەمەنیان خوار 18 ساڵە.

بە پێێ ماددەی 26ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، کە پەرلەمانی کوردستان دەری کردووە، ئەو کەسانەی بازرگانی بە مادددەی هۆشبەرەوە دەکەن، سزاکەیان بە زیندانی هەتا هەتایی دەست  پێ دەکات، هەروەها پێبژاردنێک کە لە 15 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 90 ملیۆن دیناری عێراقیش زیاتر نەبێت. بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکانیش، بە زیندانیکردن بۆ ماوەی ساڵێک تاوەکو سی ساڵ سزادەدرێت، هەروەها بە پێبژاردنێک کە لە 15 ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر نەبێت.

ھەواڵی زیاتر