وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان:بەغدا هەموو مانگێک بە بیانووی نوێ کێشە بۆ مووچە دروست دەکات

لە میانی پێشوازیکردن لە لیو جیون، کونسوڵی گشتیی کۆماری میللی چین لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ لێکتێگەیشتن و بەرەوپێشچوون بۆ چارەسەریی کێشەی مووچە هەیە و چەند جارێک وردبینی لە لیست و ناوی هێزە ئەمنیەکان کراوە، هەرچەندە بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی نابێت هیچ کێشە و هۆکارێک ببێتە هۆی دواکەوتن و نەدانی مووچە.

بە پێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی وەزیری دارایی و کونسوڵی گشتیی کۆماری میللی چین لە هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ لە سەر دۆخی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کراو پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەت و کونسوڵخانەی چین بەبایەخەوە هەڵسەنگێنرا، وەزیری دارایی سوپاسی کونسوڵخانەی چینی کرد کە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا فەرمانبەرانی وەزارەتی داراییان بانگێشتی پێنج خول و سیمیناری جیاواز لەناوچە جیاوازەکانی وڵاتی چین کردبوو بەمەبەستی سود وەرگرتن لە ئەزموونی بەڕێوەبردنی دام و دەزگاکانی ئەو وڵاتە بەتایبەت لە بواری گومرگ و خاڵەسنووریەکان.
وەزیری دارایی کورتەیەکی لە سەر چاکسازییەکانی وەزارەتی دارایی لەکابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری ڕێکخستنەوەی باج و گومرگ و بانک و خانەنشینی و بەدیجیتاڵ کردنی دام و دەزگاکان و کەمکردنەوەی خەرجیەکان بۆ شاندی میوان خستەڕوو، ئاماژەی بەوەشکرد لەسەر ئاستی حکوومەت کارئاسانی تەواویان بۆ کۆمپانیا بیانییەکان کردووە تا وەبەرهێنان لەهەرێمی کوردستان بکەن، لەم ڕووەشەوە هەنگاوی باش نراوە لە بنیاتنانی ژێرخانی ئابووریی لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازی و سێکتەرە جیاوازەکان.
سەبارەت بە کێشە و گرفتە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، ڕایگەیاند؛ لێکتێگەیشتن و بەرەوپێشچوون بۆ چارەسەریی کێشەی مووچە هەیە و چەند جارێک وردبینی لە لیست و ناوی هێزە ئەمنیەکان کراوە، هەرچەندە بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی نابێت هیچ کێشە و هۆکارێک ببێتە هۆی دواکەوتن و نەدانی مووچە، بەڵام بە بیانووی وردبینیەوە هەموو مانگێک لە بەغدا کێشەیەکی نوێ بۆ مووچە دروست دەکەن، لەکاتێکدا بەپێی یاسای بوودجە، دەبێت سێ مانگ جارێک وردبینی لەخەرجی و داهات بکرێت، وەزیری دارایی ئاشکرای کرد، هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، لەوانە گەڕانەوەی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم و ڕادەستکردنی لیست و ناوی هێزە سەربازیی و ئەمنیەکان و بەردەوامی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ناردنی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە.