ئیحسان عەبدوڵڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان:لە ٦ مانگی ڕابردوودا تێکڕای سزادراوانی چاکسازییەکانی کوردستان ٥٤٦٦ کەس بوونە

بەڕیوبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئاماری ٦ مانگی ڕابردووی ئەمساڵی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند؛ ٥٤٦٦ سزادراو هێنراونەتە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئیحسان عەبدوڵڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئاماری چاکسازییەکانی خستەڕوو، ڕایگەیاند؛ کۆی بەندکراوانی بۆ ناوچاکسازییەکان ٤٣١١ کەس بووە، کۆی ئەوانەی ئازاد کراون ٣٩٣٤ کەس بووە، سەبارەت بە خوێندنی سزادراوان لە ناو چاکسازییەکان، گوتی: بۆ ئەمساڵ بۆ هەموو قۆناغەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی و پەیمانگە و زانکۆکان، ٤٧٤ قوتابیمان هەبوو.
ئەوەشی خستەڕوو؛ کارکردنی سزادراوان کە یەکێکە لە پایەکانی ناو چاکسازیی لە هەرێمی کوردستان؛ لەو بارەوە ڕێنماییمان دەرکردووە، ٥٣٣ سزادراو کاریان کردووە، بەم شێوەیە :لەهەولێر ٦٨ سزادراو کاریان کردووە، ئەویش بریتی بووە لە ‘دوورمان، ئوتوکردن، جل شوشتن، میوزیک، کاری ئاسنگەری و خولی زمانی ئینگلیزی و باخەوانی فرۆشگا و کتێبخانە، چێشتخانە و نانەواخانە و پاککەرەوە’.
ڕاشیگەیاند؛ لەناو چاکسازییەکاندا بنکەی تەندروستیمان هەیە، کە ڕۆژانە خزمەتگوزاری پێشکەش بە سزادراوان دەکرێت، لەو ماوەیەدا ٣١٤٢٤ جار سەردانی بنکە تەندروستییەکانیان کردووە، هەروەها ٣٤٩٦٦ جار سەردانی کتێبخانەیان کردووە.
سەبارەت بە چاکسازیی گەورانی سلێمانی، ڕایگەیاند؛ ٢٢٠ سزادراو بۆ ئەو شەش مانگە کاریان کردووە، هەروەها لە چاکسازیی ئافرەتان و منداڵانی هەولێر ٤٥ کەس کاریان کردووە، کە ١٨ کەسیان نەوجەوانن ٢٧ ئافرەتن. لە چاکسازیی ئافرەتان و منداڵانی سلێمانیش ١٨ کەس کاریان کردووە کە پێنجیان نەوجەوانن ١٣یان ئافرەتن.
باسی لە حاڵەتی مۆڵەتدانی سزادارانیش کرد و وتی: مۆڵەتی سزادراوان لە هیچ وڵاتێکی ناوچەکە نییە بەتایبەت عێراق، بەڵام ئێمە ٢٢٣ کەسمان لەوماوەی ئەو شەش مانگەدا مۆڵەت داوە چوونەتە ماڵەوە، کە لە چاکسازیی گەورانی هەولێر ٧٥ کەس بووە، لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی ٨١ کەس و لە چاکسازیی گەورانی دهۆکیش ٦٦ کەس بووە و لە ئافرەتان و منداڵانی هەولێر یەک کەس مۆڵەت دراوە.
باسی لەوەش کرد، خلوەی شەرعی” لەناو چاسازییەکان هەیە، واتە ژوانی هاوسەران، کە لە هەفتەی جارێکە و بۆ ماوەی دوو کاتژمێرە، ئەمەش ڕێژەی جیابوونەوە لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە 100% ەوە کردووەتە 0%، واتە ئێستە هیچ ڕێژەیەکی جیابوونەوە لەناو چاکسازییەکان نییە، دەشڵێ: ٢٨٤٨ کەس ژوانی هاوسەرییان هەبووە.

ھەواڵی زیاتر