پارێزگاری هه‌ولێر:په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێرو و زۆرێك له‌ شاره‌كانی تورکیا له چه‌ندین روانگه‌وه پێگه‌یه‌كی گرنگ له‌خۆی ده‌گرێ

ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 9_7_2024 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، پێشوازی له‌ محه‌مه‌د سالح چەلیک سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی عێراقی- تورکی و شاندێ یاوه‌ری كرد.
له‌د دیداره‌دا كه‌ هێمن سه‌ید موراد به‌رێوه‌به‌ری گشتی كشتوكاڵی هه‌ولێرو گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر ئاماده‌یی بوون. پارێزگاری هه‌ولێر، وێرای به‌خێرهێنانی شانده‌كه‌، دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌وا په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی کوردستان و هه‌ولێر به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ تورکیا له چه‌ندین روانگه‌وه پێگه‌یه‌كی گرنگ له‌خۆی ده‌گرێ و ئه‌مه‌ش له‌ خۆیدا هانمان ده‌دات‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ به‌تایبه‌ت له‌ رووی بازرگانییه‌وه‌ رووه‌و پته‌وتر به‌رین، چونكه‌ له‌ كۆتاییدا ئاڵوگۆڕی بارزگانی نێوان هه‌ردوو لا له ‌رێگه‌ی خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌ ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نرێت، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری باشی له‌سه‌ر باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێرو شاره‌كانی توركیا ده‌بێت …
پارێزگاری هه‌ولێر، داوای له‌ شانده‌كه‌ كرد كه‌ بەشداربن لە بونیادنانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان به‌ گشتی و هه‌ولێر به‌تایبه‌تی، چونكه‌ بواری كاركردن له‌م شاره‌ فراوانه‌و هه‌رچی له‌چوارچێوه‌ی یاسا به‌ركاره‌كانیشدا هه‌بێ ئێمه‌ وه‌ك هه‌ولێر هاریكارو رێگه‌خۆشكه‌ر ده‌بین بۆ جێبه‌جێكردنیان، هاوكات داوای لێكردن له‌گه‌ڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر کۆبوونەوە و گفتوگۆی زیاتر ئه‌نجام بده‌ن و یاداشتی لێکگەیشتنی پرۆتۆکۆڵی واژۆ بكه‌ن، تاوه‌كو بازرگانان و پیشەوەران له‌و نێوه‌نده‌ سوودمەند بن و ئابووری هەردوولا زیاتر ببوژێته‌وه‌.
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی عێراقی- تورکی، زۆر سوپاسی پارێزگاری هه‌ولێریان كرد، كه‌ هه‌رده‌م ده‌رگای واڵا بووه‌و وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی ئه‌كتیڤ ره‌نگدانه‌وه‌ی راسته‌وخۆی به‌سه‌ر بره‌ودان و نه‌وعی كردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێرو توركیادا هه‌بووه‌ .