بەشێک لە مووچەی مانگی شەش خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێم

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕی 421 ملیارو 760 ملیۆن دینار خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی هاتووە، کەمێک لەمەوبەر بڕی 210 ملیار و 760 ملیۆن ملیۆن دینار وەک بەشێک لەشایستەی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی شارستانی هەرێمی کوردستان، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

سەربارەت بە خەرجکردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ، دوێنێ دووشەممە شاندێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق گەیشتە هەولێر و بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

لیوا توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و پەرەپێدان لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیاند، شاندەکەی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لەسەر داوای حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکە.

بە گوتەی لیوا توانا سدیق، “شاندەکەی حکوومەتی عێراق بەڵێنیان داوە، ئەگەر کێشەیەکیش لە لیستی مووچە هەبێت، ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ڕانەگرن تا کێشەکە یان تێبینیەکە چارە دەبێت”.