دەستکرا بە قیڕتاوکردنی ڕێگاى دۆڵى بالیسان لە سێڕیانى زینەتیر تاکو شکارتە

لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی پارێزگای هەولێر و گەیاندنی دەستی ئاوەدانی و لەپێناو خزمەتکردنی زیاتر هاووڵاتییان و گەیاندنی پڕۆژەکان بەشێوەیەکی یەکسان لەسەرجەم گوند و شارەدێ و شارۆچكەكان، ئەمڕۆ دووشەممە دەستکرا بە قیڕتاوکردنی ڕێگاى دۆڵى بالیسان لە (سێڕیانى زینەتیر تاکو شکارتە)ی سنوورى شارەدێی بالیسان سەر بە شارۆچكەی شەقڵاوە.

درێژایی ڕێگاکە 23.5 کیلۆمەترە و بە گوژمەى 7 ملیار و 698 ملیۆن و 562 هەزار دینار جێبەجێ دەكرێت.

پڕۆژەكە بریتییە لە هەڵگرتنى هەموو ڕێگاکە و ڕاخستنی 5 چین لە تێکەڵە و ڕاخستنی 2 چین لە بەردی شکاو، پاشان دووبارە فەرشکردنەوەى بە هەردوو چینى قیڕکردنى جۆرى ستابلایزەر و بایندەر.

ئەم پڕۆژەیە جگە لەوەی پڕۆژەیەکی ستراتیجی گرینگە و هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لە هەمانکاتدا خزمەتێکی زۆر پێشکەش بە هاتوچۆی هاووڵاتییانی دەڤەرکە دەکات.