ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: حکوومەتی هەرێم بە میکانیزمێکی کارا ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانی دەبێتەوە

حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە پاراستنی و بە هێزترکردنی کایەکانی کۆمەڵگا داوە  لە ڕێگەی پاراستنی خێزان لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک، سەرەڕای ئالەنگاری و ئاستەنگەکان ئەم پرسە پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیووە.

دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەم پرسە ڕایگەیاند: لە هەرێمی کوردستان یاسای بەرەنگار بونەوەی توندوتیژی خێزانی ژمارە (8)ی  ساڵی 2011 دەرچووە، لە ئێستادا هەوڵ دەدرێ یاساکە هەموار بکرێتەوە، لەم ڕووەوە ڕەشنووسێك ئاماده كرا و لەلایەن پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ هەموار کردنی یاساکە ئەنجامدراوە، هەروەها چەندین یاسای دیکە و هەموار کردن دەرچوون لە بەرژەوەندی ئافرەتان.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی خستە ڕوو، بۆ پاراستنی ئەو ئافرەتانەی هەڕەشەیان لەسەرە، حكوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری كردنەوەی شێلتەر ودەركردنی رێنمایی ژمارە 2 ساڵی 2014ـی دا كە تێیدا ئاماژە بە پاراستن و چارەسەركردنی كێشەكانیان دەکات، زێباری ئاماژە بەوە دەکات، لە هەرێمی کوردستان پێنج شەڵتەری تایبەت بە داڵدەدانی ئافرەتی هەڕەشە لێکراو،  شەڵتەرێکی تایبەت بە قوربانیانی بازرگانی کردن بە مرۆڤ هەیە، ئامارەکانی شەڵتەرەکانیش تا ڕۆژی هەشتی تەممووزی 2024  بەم شێوەیە بووە، لە هەولێر (49)کەیس (38) کورد (11) بیانی، سلێمانی (26) کەیس (21) کورد  (5) بیانی دهۆک (14) کەیس (9) کورد، (5) بیانی و لە گەرمیان دوو کەیس.

رڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر ئامارەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و گوتی: ئامارەکانی توندوتیژی خێزانی لە ساڵی 2023 بریتی بوون لە (18620) کەیس لەوانە دادگای کەتن (1733)، دادگای لێکۆڵینەوە (16887)، ژمارەی کەیسە یەکلاییکراوەکانیش بریتی بوون لە  (10897) کەیس، لە داگای کەتن (1071)، دادگای لێکۆڵینەوە (9826)، هەروەها (14599) کەیسی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان لە ساڵی 2023 ڕەوانەی دادگا کراون.

دیندار زێباری سەبارەت بە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی گوتی: ئەم بەڕێوەبەرایەتییە لە هەرێم (29) نووسینگەی هەیە و نووسینگەیەکیش لە کەمپی ئاوارەکانە لە دهۆک، تەنیا لە پارێزگای هەولێر پێنج نووسینگەی هەیە، دوو نووسینگە لەناو سەنتەری شارە و نووسینگەکانی دیکە لە شارۆچکەکانی شەقڵاو و کۆیە و خەبات، ئەو کەیس و حاڵەتانە وەردەگیرێن کە لە نێو خێزاندا روودەدەن.

لەناو کەمپەکانیش (22) تیم مۆبایل هەیە، ڕۆژانە لە کەمپەکان دەوام دەکەن، سەرەڕای ئەوەی کارەکانیان ڕۆژانە 24 کاتژمێر بەردەوامە، دەشڵێت، هەفتانە چەندین سیمینار بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان لە توندوتیژی و شیکردنەوەی یاساکانی پەیوەست بە ڕێگەگرتن لە توندوتیژی خێزانی پێشکەش دەکەین، لەلایەکی دیکەوە هێڵی گه‌رمی (119) تەرخان کراوە بۆ یارمەتیدانی ئافرەتانی هەڕەشە لێکراو.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی هەوڵەکانی رێگریكردن لە هاوسەرگیری پێش تەمەنی یاسایی کرد و گوتی: لە حاڵەتەكانی هاوسەرگیری پێش تەمەنی یاسایی، هاوسەرگیری زۆرەملێ و هاوسەرگیری كاتی، داواکاری گشتیی کەیس دژی ئەو بابەتانە دەجووڵێنێت کە پێشێلکارییە بەرامبەر بە مافی گشتی، تەنیا لە ساڵی 2023 دا سەرۆكایەتی داواكاری گشتyی (313) لێکۆڵینەوە لە کەیسی بەشوودانی پێشوەختەدا کردووە، لەلایەکی دیکەوە  گرنگی دەدرێت بە سەنتەرەکانى جێندەر و یەکسانى جێندەرى لە زانکۆکان و خوێندنی مافەكانی مرۆڤ لە پڕۆگرامەكانی خوێندنی قوتابخانە و زانكۆكاندا تێکهەڵکێشکراوە، لەوانەش بابەتی یەكسانی نێوان هەردوو ڕەگەز.

دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاشکرای کرد،  سەنتەرەکانی ڕاوێژکاری خێزانی هەیە کە  ڕاوێژکاری دەروونی و یاسایی تێیدا دامەزراون لە هەردوو ڕەگەز، توانیویانە کار لەگەڵ کەیسی ئەو خێزانانە بکەن کە توندوتیژییان بەرامبەر کراوە و هەوڵێکی ڕژد بدرێت بۆ ئەوەی کەیسەکان لە سەنتەرەکان چارە بکرێت.

لەم سەنتەرانە لێژنەیەکی ئاشتەوایی هەیە، لە کۆمەڵێک کەسی خۆبەخش وەک، مامۆستایانی ئایینی، مامۆستایانی زانکۆ و توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونی پێکهاتوون، بە هەموو ئەو شێوازانە توانییان ڕێژەی توندوتیژییەکان لە هەولێر و دەوروبەری (5.7%) کەم بکەنەوە کە ئەنجامێکی باشی هەبووە.