وەزیری ناوخۆ: پێداچوونەوە بە بڕیاری حکوومەتی عێراق بۆ داخستنی کەمپەکان دەکرێت

ڕێبەر ئەحمەد ڕایدەگەیەنێت، لیژنەیەکی هاوبەشی هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان پێداچوونەوە بە بڕیاری داخستنی کەمپی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 08-07-2024، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەوەی لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بووە لە 10 ساڵی ڕابردوودا، بەرامبەر ئاوەرە و پەنابەران بە زیادەوە، بە هاوکاری لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی دیکەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جێبەجێ کردووە؛ سەرەڕای گرفتە دارایی، ئابووریی و ئەمنییەکان.  

بە گوتەی ڕێبەر ئەحمەد، بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ داخستنی کەمپەکان، بێ ڕاوێژ بووە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نەتەوە یەکگرتووەکان و خودی ئاوارەکان، ئەمەش بووەتە جێگەی نیگەرانیی ئاوارە و پەنابەرانی دانیشتووی کەمپەکان. گوتیشی، “ئەوەی لە هەمووی ناخۆشتر، بڕیارەکە بەبێ ڕەخساندنی زەمینەی گەڕانەوە، دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، ئارامی و پاراستنی خەڵکەکە لە کاتی گەڕانەوەیان، دراوە”.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەکوو ئەوەی ڕێبەر ئەحمەد باسی کرد، لەگەڵ گەڕانەوەی سەربەرزانە و ئارەزوومەندانەی ئاوارەکانی دانیشتووی کەمپەکانە بۆ ناوچەکانیان، ئەمەشیان بە نووسراوی فەرمی ئاراستەی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە.

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان پێکدەهێندرێت بە مەبەستی پێداچوونەوە بە بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەبارەی داخستنی کەمپی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان. ڕوونیشی کردەوە، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەکە، دوای ئاراستەکردنی نووسراوەکە بۆ نووسینگەی سوودانی دەرکراوە.

ڕێبەر ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەک پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی لیژنەکە لە زووترین کاتدا دەست بە کارەکانی بکات تاوەکوو باشترین چارەسەر بۆ پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە بۆ ناوچەکانیان بدۆزرێتەوە.  

ە هەرێمی کوردستان 900 هەزار و 467 ئاوارە و پەنابەر لە نێو و دەرەوەی کەمپەکان دەژین. لەو ژمارەیە، 269 هەزار و 293 یان پەنابەرن و لە وڵاتانی دیکەوە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. لەوانەش 251 هەزار و 475 پەنابەری سوورین، 7 هەزار و 796 پەنابەری تورکی، 8 هەزار و 357 پەنابەر ئێرانی و و 652 پەنابەریش فەڵەستینین. جیا لەوەش 10 هەزار و 13 پەنابەری وڵاتانی دیکەی جیاواز هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.

لە ساڵی 2023، دوو هەزار و 97 پەنابەر گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان، لە کاتێکدا سێ هەزار و 389 پەنابەر هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.

حکوومەتی هەرێمی کورستان هەمیشە دەرگاکانی بۆ پێشوازیکردن لە پەنابەران واڵابووە و خزمەتگوزاری جۆراو جۆری پێشکەشکردوون، بە جۆرێک لەسەدا 80ی خەرجی ئاوارە و پەنابەران لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمە، کە دەکاتە نزیکەی 842 ملیۆن دۆلاری ساڵانە.

لە پێناو دەستەبەرکردنی دەرفەتی خوێندن حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 53 قوتابخانەی بۆ پەنابەران تەرخان کردووە. ژمارەی قوتابییە ئاوارە و پەنابەرەکان لە هەرێمی کوردستان 40 هەزار و 410 قوتابییە