شەقامی عێراقی سەرۆک بارزانی بە چەتری کۆکەرەوەی ھەموو عێراقییەکان پێناسە دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

سەرۆک بارزانی سەردانی بەغدای کرد و زیاتر لە حەڤدە دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان، بەرپرسانی حیزبی و حکوومی و باڵیۆزانی وڵاتان لە عێراق کرد، مەبەست لە سەردانەکەی بریتی بوو لە چارەکردنی کێشە ناوخۆییەکانی عێراق بە گشتی و کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بە تایبەتی. ھاوکات ڕایگەیاند، ئەگەر نیازی باش ھەبێت، چارەکردنی ھیچ کێشەیەک زەحمەت نابێت. شرۆڤەکاران، دەڵێن، سەرۆک بارزانی متمانەپێکراوترین سەرکردەی سیاسییە و کلیلی چارەی کێشەکانی لایە، بۆیە بە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی کێشەکان کۆتاییان دێت و چەندین ڕێککەوتنیش لەنێوان لایەنەکان دێتە ئاراوە.

سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی شەش ساڵ، جارێکی دیکە سەرۆک بارزانی، بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی پەیویست بە پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدا و لێک نزیکردنەوەی لایەنەکانی عێراق، سەردانی بەغدای کرد، لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا، سەرۆک بارزانی لەگەڵ محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوویەوە، ھاوکات سوودانی لەبارەی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، شەرەفمەندبووم بەم سەردانەی برای بەڕێز کاک مەسعود بارزانی، ئەم سەردانەی بۆ بەغدا گرنگە بە مەبەستی دیدار و گفتوگۆکان، چونکە سەرکردەیەکی نیشتمانپەروەرە و ڕۆڵێکی کارا و کاریگەری ھەبووە لە پرۆسەی سیاسییدا.
سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا و زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی فیدراڵ و ھەروەھا بەرپرسانی یەکەمی ھێزە سیاسییەکان لە بەغدا، لەسەر ئاستی میدیای عێراقی کاردانەوەی لێ دەکەوێتەوە و بە مانشێت و وێنەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا بەگرنگییەوە بڵاویان کردووەتەوە، ھەروەھا لێکدانەوەیان بۆ سەردانەکەی سەرۆک بارزانی و ئەو تەوەرانەی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، کردووە.

هەڵسەنگاندنی سەردانەکە
مەحموود محەممەد، شرۆڤەکاری سیاسی، ڕایگەیاند، سەرۆک بارزانی پێگەیەکی گرنگی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و کوردستان ھەیە، ھەروەھا کاریگەری گەورەی ھەیە لەسەر ئاستی ناوچەکە و عێراق، ھەموو عێراقییەکان چاویان لەوەیە دوای سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا پرۆسەی سیاسی چی بەسەر دێت، بۆیە سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا سەردانێکی مێژوویی بوو.
ئەو شرۆڤەکارە، دەشڵێ: ئێستا عێراق بە دۆخێکی نا ھەموواردا تێدەپەڕێت و چەندین ئالەنگاریی ھەیە، سەرۆک بارزانی متمانەپێکراوترین سەرکردەی سیاسییە لە عێراق کە توانای کۆکردنەوەی ھەموو دەنگ و ڕەنگ و بۆچوونە جیاکانی ھەیە، سەرۆک بارزانی دەمێکە گوتیەتی دەبێت سیستەمی حکومڕانی لە عێراق و وەرگرتنی بڕیاری سیاسیی لەسەر سێ بنچینەی سەرەکی بێت، ئەویش ڕێککەوتن، ھاوسەنگی و ھاوبەشی، بۆ ئەوەی پێکھاتەکان بەشداری لە پرۆسەی سیاسی عێراق بکەن.

گرنگی سەردانەکە بۆ عێراق و کوردستان
نەوزاد ڕەشید، چاودێری سیاسی، ئاشکرای کرد: سەرۆک بارزانی خاوەنی ئیرادەیەکی بەھێزە و توانای چارەی کێشەکان و کۆکردنەوەی لایەنە جیاوازەکانی عێراقی ھەیە، سەرۆک بارزانی بونیاتنەری سیاسەتی عێراقی نوێیە و وەک چەترێک ھەموو بۆچوونە جیاوازەکان بەیەکەوە کۆدەکاتەوە.
ئەو چاودێرە، ئەوەشی گوت: کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا کێشەی تەکنیکینە، نەوەک سیاسی، بۆیە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی پەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکاتەوە، کێشەکان کۆتاییان دێت و چەندین ڕێککەوتنیش لەنێوان لایەنەکان دێتە ئاراوە، ئیرادەیەکیش ھەیە لە بەغدا دەیەوێت کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارە بکرێت، بەتایبەتی سوودانی ئەو خواستەی ھەیە، بەڵام لایەنێک ھەیە کە دەیانەوێت بەردەوام ئازاری کوردستان و خەڵکەکەی بدەن، ھەندێک لایەنی کوردیش ھانی ئەوان دەدەن ئەو ھەڵوەستە دژی کوردستان بنوێنن، بۆیە گومانم لەوە نییە ئەو سەردانەی سەرۆک بارزانی ئەنجامی زۆر باشی دەبێت.

کەشی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، دەڵێت: سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا دوای چەندین داوەتنامەی ھێز و لایەنە سیاسییەکان ھات، سەرۆک بارزانی کاتێک ئەو داوەتنامەی قبوڵکرد کە بینی کەشێکی لەبار ھەیە و گفتوگۆکان ھەنگاوی باشیان بڕیوە و ھەنگاوی کردەیی نراوە بۆ چارەکردنی گرفتەکان، ھەموو لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی حکوومەتی عێراق و میدیا عەرەبییەکان سەردانەکەیان بە گرنگ و پڕ بایەخ وەسف کرد.
دەشڵێ: سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی حکومی باسی لە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا کرد و جەختی لەوە کردەوە ئەگەر دەستوور بکرێتە بناغە زۆرێک لە کێشەکان چارە دەکرێن.
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، زیاتر گوتی: سەرۆک بارزانی پەیوەندی توندو تۆڵ و بەھێزی ھەیە لەگەڵ کەسایەتییە نیشتمانییە عێراقی و نێودەوڵەتییە گەورەکان لەسەر ئاستی ھەرێمی و جیھان، چاوپێکەوتنەکانیشی لەگەڵ سەرکردە سیاسی و بەرپرسە باڵاکانی وڵات، ڕۆلی دەبێت لە سەقامگیری پرۆسەی سیاسی و زەمینەسازی بۆ قۆناغی داھاتوو و ھاوبەشی نیشتمانی.
دیپلۆماسییەت سەردەکەوێت
د. بەشیر خەلیل، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئەو سیاسەتەی ھەرێمی کوردستان پیادەی دەکات، ھەروەھا دیپلۆماسییەتی ھەرێم لەناوەوە و لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوە، ڕۆژبەڕۆژ زیاتر سەرکەوتنەکانی بەدیار دەکەوێت، ھەروەھا ئەو سەردانەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، کە سیاسەتمەدارانی بەغدا خۆیان دەڵێن: سەردانێکی گرنگ و مێژووییە، ئەمەش پەیوەستە بەکاریزمایی و کەسایەتی سەرۆک بارزانی و بەو سیاسەت و دیپلۆماسییەتەی لەگەڵ لایەنی بەرامبەر پەیڕەوی دەکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەکانی ڕابردوو زۆرینەی سەرکردەکانی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانییان کردووە و ئەوانیش زۆر داوایان دەکرد سەرۆک بارزانی سەردانی بەغدا بکات و لە نزیکەوە دابنیشن و باسی دۆخی عێراق بکەن.
جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: لەسەرەتای دامەزراندنی عێراقی نوێوە لە دوای ٢٠٠٣ەوە تاوەکو ئێستاش، ھیچ کێشەیەکی گەورەی سیاسیی عێراق یان پێکھێنانی حکوومەت بەبێ دەستوەردانی سەرۆک بارزانی چارە نەکراوە، بۆیە کاریگەریی سەرۆک بارزانی لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق بە گشتی، وادەکات ڕۆلی لە ھەموو گۆڕانەکان و چارەکردنی کێشەکانی عێراقدا ھەبێت، لەگەڵ سوننەکان دانیشت و لێکیان نزیک کردەوە، ئەوەش وادەکات ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بە زووترین کات چارە ببێت.