فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی پەکەکەی لە سنووری شنگال کردە ئامانج. دژە تیرۆری کوردستانیش دەڵێت، دوو چەکداری پەکەکە “بە سەختی برینداربوون”.
دژەتیرۆری کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ دووشەممە 8ی تەممووزی 2024، کاتژمێر 11:10ی پێشنیوەڕۆ، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا، ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لەنێوان قەزای شنگال و تەل قەسەب بۆردومان کرد.
بە گوێرەی زانیارییەکانی دژە تیرۆری کوردستان، ئۆتۆمبێلەکە سێ کەسی تێدا بووە و بەهۆی بۆردومانەکەوە دوو کەسیان بەسەختی بریندار بوونە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئیبراهیم سومەیدعی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی “دیجلە”ـی عێراقی، ڕایگەیاند، هەماهەنگیی لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە دەربارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، هەیە.
بە گوتەی ڕاوێژکارەکەی محەممەد شیاع سوودانی، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) “ئۆپەراسیۆنی تاوانکاری دەکات و حکوومەتی عێراقیش وەکو ڕێکخراوی تیرۆریستی ناساندوویەتی”.
پێشتریش، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، “عێراق بۆ ئەوان گرنگە و دەیانەوێت پێکەوە لەگەڵ بەغدا رووبەڕووی ‘پەکەکە’ ببنەوە”.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕوونیشی کردەوە، “دۆخی ناسەقامگیری عێراق لە بەرژەوەندیی پەکەکە و رێکخراوە تیرۆریستییەکان بووە” بۆیە بەردەوامییان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان داوە.
فیدان، جەختیشی لەوە کردەوە، “پەکەکە لە تورکیا تەنانەت یەک سانتیمەتریش زەویی کۆنترۆڵ نەکردووە لە کاتێکدا لە عێراق و سووریا چەندین ناوچەی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی”.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، سوپای تورکیا، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە دژی پەکەکە، لە سنووری قەزای ئامێدی چڕ کردووەتەوە و بەهۆیەوە دەیان دۆنم زەوی هاووڵاتییانی دەڤەرەکە سووتاون.
ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و پەکەکە لە ساڵی 1984ـەوە تاوەکوو ئێستا بەردەوامە؛ ئەو ڕێکخراوە لەلایەن عێراق، تورکیا، ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپاوە بە “ڕێکخراوێکی تیرۆریستی” ناسێندراوە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش، لە ئەنجامی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی، زیاتر لە 60 هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون.
دروستکردنی مۆڵگە و بارەگاکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان و شەڕی بەردەوام لەگەڵ سوپای تورکیا، تا دێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە زیاتر لە 800 گوند و چەندان ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.