مەسرور بارزانی: لەم كابینەیە زیاتر لە هەموو كاتێكی تر گرنگی بە بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ دراوە

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، لەم كابینەیە زیاتر لە هەموو كاتێكی تر گرنگی بە بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ دراوە، ئێستا ئێمە یانی لەم چەند ساڵە توانیمان دەرگای هەناردەكردنی بەروبوومی ناوخۆی كوردستان بكەینەوە، ئەم شتانە بە شەو و ڕۆژێك كۆتایی نایەت، ناشتوانین بگەینە ئەو ئامانجە گەورەیەی كە هەمانە بۆ ئەوەی بتوانین هەموو دەرگاكان بكەینەوە، بەڵام دەستمان پێی كردووە. لە هەندێك شت بەداخەوە هەموو بەرنامەكانی حكوومەت وەكوو خۆی لە هەموو ئاستەكان و لە هەموو شوێنەكان جێبەجێ نەكراوە.

گوتیشی: “گلەییەكی زۆر هەیە لە هاوردەكردنی شتی قاچاخ یان شتی ماوەبەسەرچوو لە هەندێك سنوورەكان. كە داوا دەكرێ ئەو سنوورانە كۆنتڕۆڵ بكرێن، كێشەی سیاسی دروست دەبێت، كە ئەوە نەبێ، كاریگەریی نەرێنی لەسەر هاووڵاتییەكی خۆشەویستی وەكوو جەنابت دروست دەكات كە كێشە دروست دەبێ لەسەر ئەوەی كە ئایا ئەمە بەرهەمی ناوخۆییە یان بەرهەمێكی هاوردەكراوە؟”

مه‌سرور بارزانی، روونیشی كرده‌وه‌: “لە لایەكی ترەوە نرخی گەنم بە شێوەیەكی گشتی لە عێراق و لە هەرێمی كوردستان بە هاوكاری و پاڵپشتیی حكوومەتە، یانی ئەگەر تەماشا بكەیت نرخی گەنم لە وڵاتێكی دیكە هەرزانترە لەوەی كە لە هاووڵاتیی خۆمان دەكڕدرێ لێرە بە پشتیوانیی ئەو نرخەی كە حكوومەتی عێراق نرخی بۆی داناوە. بەڵام حكوومەتی فیدڕاڵی ئامادە نەبوو هەموو دانەوێڵە و گەنمی كوردستان وەربگرێتەوە. ئەمجارە هەرچی هەوڵمان دا لە 700 هەزار تەن زیاتر قەبووڵیان نەكرد وەریبگرنەوە، گوتیان لەسەر ئاستی هەموو عێراقە و ..هتد، بەهەرحاڵ بەرنامەیەكی دوور و درێژە و هۆكارەكانیش زۆرن، من نامەوێ سەرتانی پێ بێشینم، بەڵام ئامادە نەبوو ئەو ڕێژەیەی كە لە هەرێمی كوردستان بەرهەم هاتووە هەمووی وەربگرێتەوە، ئەو 700 هەزارە بە نرخی حكوومەت وەردەگیرێتەوە، مانای ئەوە نییە كە باقییەكەی تر وەرناگیرێتەوە یان جووتیار ناتوانێ بیفرۆشێتەوە، بەڵام دەبێ بە نرخێكی كەمتر بیفرۆشێ چونكە نرخی بازاڕی ئازاد كەمترە لەوەی كە نرخی حكوومەتە.”

راشی گه‌یاند: “ئەمە پێویستیی بە هەڵوەستەیەكی جددییە، ئێمە دەمانەوێ چی بكەین؟ ئایا بۆ هەموو هاوكارییەكی جووتیار دەبێ نرخی پاڵپشتیی حكوومەت هەبێ؟ یانیش ئێمە بەرهەمەكانی خۆمان بە جۆرێك زیاد بكەین كە پێویستیمان بەوە نەبێت حكوومەت هەموو جارێ بێ نرخ و پارە لەسەر بەرهەمەكان دابنێت، بە پێچه‌وانه‌وه‌ ببێ بە داهات بۆ هاووڵاتی و حكوومەت بە شێوەیەكی گشتی.”