یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە بەهای نزیکەی پێنج ملیۆن دۆلار هاوکاریی دابەش دەکات

دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕاپۆرتی هاوکارییەکانی بۆ جەژنی قوربانی لە هەرێمی کوردستان، عێراق و عەفرین بڵاوکردەوە و بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە بە بەهای زیاتر لە چوار ملیۆن و 900 هەزار دۆلاری ئەمەریکی هاوکاریی چەند چین و توێژێکی کردووە.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی داوە، وەک نەریتێکی ساڵانە لە جەژنی قورباندا چەند پرۆژەیەکی مرۆیی بۆ هاوکاریی و یارمەتیدانی (ئاوارە، پەنابەران، ئازیزان، خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت) کردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی دەزگاکە، بۆ جەژنی قوربانی ئەمساڵ، دەزگای خێرخوازیی بارزانی کارە خێرخوازییەکانی لە چوارچێوەی پێنج پڕۆژە جێبەجێ کردووە کە بریتی بوون لە:

– قوربانیکردن

– هاوکاریی نەختینە

– هاوکاریی ئازیزانی کوردستان و ئیماراتی

– کڕینی جل وبەرگی جەژن بۆ ئازیزان

– دابەشکردنی پارسێلی خۆراک

لە پێنج پرۆژە خێرخوازییەکەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مانگی سووری ئیماراتی و بەخشەرانی کوردستان 11 هەزارو 574 خێزان لەگەڵ 15 هەزار و 803 ئازیز سوودەمەند بوون و بودجەکەشی بریتی بووە لە 4 ملیۆن و 931 هەزار و 010 دۆلاری ئەمەریکی.