یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان: کڕین و فرۆشتن بە پسوولەی گەنمی جووتیاران حەرامە

گوتەبێژی یەکێتی زانایان ئایینی ئیسلامی کوردستان ڕایگەیاند، کەسانێک هەن، مامەڵە بە پسوولەی جووتیارانەوە دەکەن، ئەوەیان ئەنجوومەنی باڵای فەتوا بە حەرامی داناوە و دروست نییە، چونکە پێشێلکردنی مافی جووتیارە.

شەممە، 6ـی تەمموزی 2024، د. عەبدوڵلا شێرکاوەیی، ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و گوتەبێژی یەکێتیی زانایان ئایینی ئیسلامی کوردستان، ڕاگەیاند، لە ساڵی 2019 کۆمەڵیک هاووڵاتیی پرسیاریان کرد، دەربارەی ئەو پسوولەی گەنمەی حکوومەت دەیدات بە جووتیاران، بەمەبەستی دیاریکردنی ڕێژەی شایستەییان لە وەرگرتنی گەنمەکانیان لە سایلۆکان و کڕینەوەی گەنمەکە لەلایەن حکوومەتەوە.

ئەو گوتەبێژە دەڵێت، “ئەنجوومەنی باڵای فەتوا بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە ڕاوێژی لەگەڵ پسپۆڕان و شارەزایانی وەزارەتی کشتوکاڵ و لەگەڵ جووتیارانیش کردووە، سەبارەت بە شێوەی پسوولەکە و چۆنییەتی فرۆشتنی، فەتوایەکی لە ساڵی 2019 دەرکرد؛ بەو پێیەی ئەم پسوولە کاڵایەکی دیاریکراو نییە، لەهەمانکاتدا چەکێکی بانکیش نییە، تەنیا پەڕاوێکی فەرمییە، لەبەرامبە ئەو بڕە گەنمە دەدرێت بە جووتیاران بۆ ئەوەی گەنمەکانیان ڕادەستی سایلۆکان بکەن”.

دەشڵێت: “ئەوکاتە ئەنجوومەنی باڵا ڕوونی کردەوە خاوەنی پسوولەکە دەتوانێت سازش لە پسوولەکەی بکات، بەچەند مەرجێک؛ یەکەمین مەرجیش ئەوەیە کە جووتیاری هەرێمی کوردستان، پێویستە گەنمی هەرێمی کوردستان ڕادەستی سایلۆ بکات، نەوەک گەنم لەدەرەوەی وڵات بێنێت و ڕادەستی سایلۆی بکات لەڕێگەی ئەم پسوولەیەوە”.

“دووەمین مەرجیش ئەوەیە، خاوەنی پسوولەکە سازش لە پسوولەکەی بکات، نەک مامەڵەی پێوە بکات و بیفرۆشێت. بەڵکو دەبێت بە کەسی بەرامبەر بڵێت، من دەست هەڵدەگرم لەم پسوولەیە لەبەرامبەر بڕێک پارە، خاڵێکی دیکەش وەکو مەرج دەبێت حکوومەت ڕازیی بێت بەو مامەڵەیە. ڕێگر نەبێت لە مامەڵە کردنی وەرگرتنی پسوولەکە لەناو جووتیاراندا. خاڵێکی دیکەش پێویستە خاوەنی پسوولەکە جووتیاری کرداری و فەرمیی هەرێمی کوردستان بێت، ئەمانە ئەو مەرجانە بوون کە ئەنجوومەنی باڵای فەتوای ساڵی 2019 سەبارەت بە پسوولەی گەنمی جووتیاران بۆ هاووڵاتییانی ڕوون کردبووەوە”.

ئەو گوتەبێژە ئاماژەی بەوەش دا، “لەم ساڵدا پرسیارەکە بەشێوازێکی دیکە کراوە، خەڵكێکی زۆر هەیە کە دەیانەوێت بازرگانی بەم پسوولەیەوە بکەن، بەبێ ئەوەی هیچ خاوەنداریەتییک و زەوی کشتوکاڵی و هیچ جۆرە گەنمێکیشیان لەبەردەستدا هەبێت، تەنیا مامەڵە بە پسوولەکەوە دەکەن، هەربۆیە ئەنجوومەنی فەتوا وەکو ڕوونکردنەوەیەک بۆ فەتوای ساڵی 2019، لە 4ـی تەمووزی 2024، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردووەتەوە، تێیدا هاتووە بەهیچ جۆرێک دروست نییە، ئەگەر کەسەکە بە کرداری جووتیار و خاوەن زەوی کشتوکاڵی نەبێت، پسوولەکەی پێ بدرێت یاخود وەربگرێت دواتر بیفرۆشێتەوە و بازرگانی پێوە بکات. دواتریش دروست نییە جووتیاری خاوەن زەوییەکە بەڕێگەی نایاسایی یاخود نا شەرعی، یا بەکارهێنانی بەرتیل و واستە هەوڵب دات ئەندازەیەکی زیاتر لەو مافەی بۆی دیاری کراوە لە پسوولەکەدا بنووسێت”.

عەبدوڵلا شێرکاوەیی، ڕاشیگەیاند، “کەسانێک هەن پرسیاری ئەوە دەکەن کە ئێستە کەسانێک هەن پسوولەکە لە کەسانێک دەکڕنەوە بەبێ ئەوەی هیچ گەنمێک و زەوییەکیان هەبێت، تەنیا مامەڵە بە پسوولەی جووتیارانەوە دەکەن. ئەوەیان ئەنجوومەنی باڵای فەتوا بە حەرامی داناوە و دروست نییە. چونکە پێشێلکردنی مافی جووتیارە لەهەمانکاتیشدا مامەڵەی بازرگانییە نە خاوەندارە نە خاوەن کاڵاشە تەنیا مامەڵەکردن بە پسوولەکە دەکەن”.