باڵیۆزی ئەمەریکا: لەگەڵ سەرۆک بارزانی پشتیوانیمان بۆ هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد دووپات کردەوە

لە ئەلینا رۆمانۆوسکی ، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە پەیامێکدا، ئاماژە بە دیدارەکەی خۆی لەگەڵ سەرۆک بارزانی دەکات و دەڵێت، لەو دیدارەدا دووپاتمان لە پشتیوانی خۆمان کردەوە بۆ هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد لە هەرێمی کوردستان.

پێنجشەممە (4ـی تەممووزی 2024)، لە ئەلینا رۆمانۆوسکی ، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە ( ئێکس) پەیامێکی لەبارەی دیدارەکەی خۆی لەگەڵ سەرۆک بارزانی لە بەغدا بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە، هەمیشە دڵخۆشم بە دیدارم لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، لەگەڵ گفتوگۆکردن دەربارەی پەیوەندییە گرنگەکانمان، دەشڵێت، گفتوگۆمان کرد لەبارەی بارودۆخی هەرێمی و هاوبەشیی ئەمەریکی بەردەوام  لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هاوکات پشتیوانییەکانمان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد لە هەرێمی کوردستان لە 20_ی تشرینی دووەم.

چوارشەممە، 3ـی تەمموزی 2024، لە شاری بەغدا، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد.

بارەگای بارزانی بڵاوی کردووەتەوە، لەدیدارەکەدا، سەرۆک بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر هۆکانی سەردانەکەی بۆ بەغدا و ئاماژەی بەوە دا کە دوای ئەوەی هەست بەوە کرا کە نیازپاکی هەیە لە چارەکردنی گرفتەکان و پابەندبوون بە دەستوور و دروستبوونی کەشێکی ئەرێنی لە بەغدا و هەروەها بۆ باسکردنی ئەو بابەتانەی کە ڕەهەندی نیشتمانی هەیە، سەردانی بەغدای کردووە.

پەیوەست بە مانەوەی هێزی هاوپەیمانان، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە ئەمە پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەست نییە بە لایەنێک و دەبێ سەقامگیریی و بەرژەوەندییەکانی عێراق لەبەرچاو بگیرێت.

هەر لەو دیدارەدا، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ سەردانەکەی سەرۆک بارزانی و باشتربوونی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا ڕاگەیاند و جەختی کردەوە هانی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ دەدەن بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیان و بەردەوامی و بەهێزکردنی دیالۆگی نێوانیان.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی هەرێمیش، باڵیۆزی ئەمەریکا پێشوازیی لە دیاریکردنی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی کرد.