سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرکردە و لایەنە سووننەکان کۆبووەوە

لە درێژەی سەردانەکەی بۆ شاری بەغدا ڕۆژی پێنجشەممە 4ی تەممووزی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ سەرکردە و لایەنە سیاسییە سووننەکان لە ماڵی شێخ خەمیس خەنجەر لە شاری بەغدا کۆبووەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، لەو کۆبوونەوەیەدا سەرکردە و لایەنە سووننەکان پێزانینیان بۆ سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا هەبوو و بە سەردانێکی مێژوویی و گرنگ لەقەڵەمیان دا کە دەرئەنجام و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی بەجێ دەهێڵێت. هەروەها باسیشیان لە داخوازییەکان و گیروگرفتەکانی پێکهاتەی سووننە و کێشەی دیاریکردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا “لایەنە سیاسییە سووننەکان داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد یارمەتیدەری پڕۆسەی سیاسیی عێراق بێت بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکان بگەنە چارەسەر بۆ کێشە و داخوازییەکانیان” و جەختیان لەوە کردەوە کە “بوونی سەرۆک بارزانی لە بەغدا پشت و پەنایە بۆ پێکهاتەی سووننە و پێکهاتەکانی تری عێراق و هێز دەداتە پڕۆسەی سیاسی”.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سووننەکان دەربڕی و هیواشی خواست کە ئەو کۆبوونەوەیە ببێتە سەرەتایەک بۆ لێکتێگەیشتن و هەماهەنگیی زیاتری نێوان لایەنەکان.

لە بەشێکی تری ئەو دانیشتنەدا سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بۆ هۆکارەکانی سەردانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، ڕایگەیاند کە کەشێکی ئەرێنی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا هاتووەتە ئارا کە لەسەر بنەمای دەستوور و بەپێی ڕێککەوتنەکان بەسەر کۆسپ و ناتەبایی و کێشەکاندا زاڵ ببین.

پەیوەست بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەو بابەتە ڕەهەندی نیشتیمانی هەیە و پێویستە بڕیاری دەستەجەمعی و نیشتیمانی لەوبارەیە هەبێت کە خزمەتی بەرژەوەندیی و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە بکات.

لەبارەی پرسی دیاریکردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە بەرژەوەندیی گشتی و داهاتوو و چارەنووس لەسەرووی دەستکەوت و بەرژەوەندیی تاکەکەسی و حزبیە و داوای کرد کە لایەنە سووننەکان یارمەتیدەری یەکتر بن و ئەو پرسە بە زووترین کات چارەسەر بکرێت.

سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا

کاتژمێر 11:20 خولەکی پێشنیوەڕۆی چوارشەممە، 3ـی تەمموزی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی، بە یاوەری شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن محەممەد تەمیم و فوئاد حوسێن، جێگرانی سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک لە بەرپرسە حکوومی و سیاسیەکانی عێراق پێشوازیی لێ کرا.

لە ڕۆژی یەکەمی سەردانەکەیدا، سەرۆک بارزانی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق کۆ بووەوە. هەمان ڕۆژ سەرۆک بارزانی بەشداریی کرد لە دوو کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و چوارچێوەی هەماهەنگی.

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی و سەرکردە سیاسییەکانی عێراق

بارودۆخی سیاسیی ناوخۆیی و هەرێمی؛ پرسی بوونی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق، بابەتی نەوت، بودجە، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی پەرلەمان، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە؛ تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی بوون لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی عێراق.

سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەکانیدا خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراق و ڕایگەیاند، “ئێستە کرانەوەیەک لە کەشی سیاسیی عێراق هاتووەتە ئارا کە دەکرێت دەرفەتێکی باش بێت بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لەمەڕ ئاستەنگەکان و چارەکردنی کێشەکان”.

سەرۆک بارزانی “هێماشی بە مێژووی هاوبەشی لایەنەکان دا لە خەبات لەدژی دیکتاتۆریەت و بنیاتنانی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دەستوور و جەختی لەوە کردەوە، دەستوور بنەمایەکی بەهێزە بۆ هەموو لایەک کە بەسەر کێشە و کۆسپەکاندا سەربکەوین”.