کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاپۆرتی دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری دەنگدەرانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە، کە لەماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 438 هەزار کارتی بایۆمەتری دابەشکراوە.
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردەوە، لە 1-1-2024 تاوەکو 4-7-2024، دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری دەنگدانی گشتی و تایبەتیی و ئاوارەکان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەو شێوەیە بووە.
لە پارێزگای هەولێر، 139 هەزار و 136 کارتی بایۆمەتری دەنگدانی گشتی و 14 هەزار و 941 کارتی بایۆمەتری دەنگدانی تایبەتیی و دوو هەزار و 837 کارت بایۆمەتری دەنگدانی ئاوارەکان دابەش کراوە.
لە پارێزگای دهۆک، 97 هەزار و 687 کارتی دەنگدانی گشتی و هەروەها نۆ هەزار و 44 کارتی بایۆمەتری تایبەت و سێ هەزار و 969 کارتی بایۆمەتری دەنگدانی ئاوارەکان دابەشکراوە.
هەرچی پارێزگای سلێمانییە، 154 هەزار و 685 کارتی بایۆمەتری دەنگدانی گشتی و 13 هەزار و 988 کارتی دەنگدانی تایبەت و دوو هەزار و 246 کارتی دەنگدانی ئاوارەکان دابەشکراوە.
واتە کۆی گشتی کارتی بایۆمەتری دابەشکراو لە پارێزگای هەولێر بریتیییە لە ‘156914’، لە دهۆک ‘110700’ کارت دابەشکراوە، لە سلێمانیش ‘170919’ کارتی بایۆمەتری دەنگدان دابەشکراوە.
ڕۆژی 26ـی حوزەیرانی 2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکی هەرێمیدا، ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024ی بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە، لەلایەن خۆیەوە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی خۆیی ڕاگەیاند، کە لە وادەی دیاریکراودا پرۆسەکە بەڕێوە دەبەن.
هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەییەکی خۆیی دەربڕیوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو، هاوکات دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن وێڕای ئەوەی لەلایەن زۆرینەی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکراوە، نوێنەری وڵاتانیش خۆشحاڵی خۆیان ڕاگەیاندووە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژارنی پەرلەمانی کوردستان و کۆتاییهێنان بەم بۆشاییە یاساییە دروست بووە.