”هەژماری من” هیچ کێشەیەکی نییە و بانکە تایبەتییەکانیش لە تەوتین و پێدانی مووچە بەشدار دەبن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

”هەژماری من” کە پڕۆژەیەکی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆ پەرەپێدانی کەرتی بانکی و دارایی لە هەرێمی کوردستان و بەستنەوەی مووچەی فەرمانبەران بەو هەژمارەوە، لە چەند مانگی ڕابردوودا یەکێک بووە لەو بابەتانەی مشتومڕێکی زۆری هەڵگرتوووە و قسەیەکی زۆری لەسەر کراوە و خەڵکی هەرێمی کورستانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد، بەڵام دواجار دادگای فیدراڵی ئەو پرسەی لە قازانجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکلایی کردەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵێکە لە ڕێی خزمەتگوزاریی بانکیی ”هەژماری من” دەیەوێت هەژماری بانکی بۆ تەواوی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکاتەوە و تا ئێستە سەدان هەزار مووچەخۆر بوونەتە خاوەنی کارتەکە و پێدانیشی بەردەوامە و تەنانەت لای بەشێک لە کارمەندان بە پراکتیکی دەست بە دابەشکردنی مووچە بە هەمان سیستم کراوە.
تا ئێستا زیاتر لە چوارسەد هەزار مووچەخۆری هەرێمی کوردستان لە ”هەژماری من”دا تۆمارکراون، نزیکەی دووسەد و چل هەزار کارتی بانکیش دابەش کراون و مانگی ڕابردوو سەرووی پەنجا هەزار کەس هەر لە ڕێی ئەم هەژمارەوە مووچەیان وەرگرت.
”هەژماری من” هەژمارێکی بانکییە و ژمارەیەک بانکی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان لەو پڕۆژەیەدا بەشدارییان کردووە، ئەوەی لای حکوومەتی بەغدا ببووە کێشە ئەوە بوو لە تەوتین مووچەی فەرمانبەران تەنیا لە ڕێی بانکە حکوومییەکانەوە دابەش دەکرێت و ئەو بانکانەی کە هی کەرتی تایبەتن و تەنانەت لە لایەن بانکی ناوەندیشەوە مۆڵەتیان وەرگرتبێت ئەوا ناتوانن مووچەی فەرمانبەرانیان بەهۆیەوە دابەش بکرێت.
پرسەکە گەیشتە دادگای فیدراڵی و دواجار دادگا ئەو پرسەیشی یەکلایی کردەوە و لە لیستێکدا تەواوی ئەو بانکانەی ڕاگەیاند کە بۆیان هەیە هەژمار بکەنەوە و لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتیان پێ دراوە. بە پێی دواین نووسراوی سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی، سەبارەت بە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش وەک هەموو مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئازادن لە بەبانکیکردنی مووچەکانیان لە بانکی حکوومی یان تایبەت لە چوارچێوەی ئەو بانکانەی بەشدارن لە پرۆسەکەدا.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لەو هەنگاوە کردووە و گوتوویەتی لە کارکردن بەپێی ڕێنماییەکانی بانکیی ناوەندی عێراق بەردەوام دەبێت و بە پێویستیشی زانیوە بانکەکانی بەشدار لە پڕۆژەی ”هەژماری من” و هەر لە چوارچێوەی ئەم ڕێنماییانەدا درێژە بە پڕۆسەکە بدەن و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەژماری بانکییان بۆ بکرێتەوە.
بەگشتی هەموو ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان کە بوونەتە خاوەنی هەژماری من و کارتی بانکییان هەیە ئەوا کارتەکەیان لە لایەن بانکی فیدراڵی باوەڕپێکراوە و حکوومەتی عێراق ناتوانێت بیانووی تر بۆ پڕۆژەکە بدۆزێتەوە.
لە مانگەکانی ڕابردوودا ئەو دژایەتییانەی دژی پڕۆژەکە دەکران هۆکار بوون لەوەی هەندێک خەڵک بەگومانەوە لە هەژمارەکەیان بڕوانن و تەنانەت لە بیری ئەوە دابن لە بانکی تر بە تایبەتی بانکەکانی سەر بە حکوومەتی فیدراڵی هەژمار بکەنەوە بەڵام دادگای فیدراڵی پرسەکەی یەکلایی کردەوە و هیچ کێشەیەک لە هەژمارەکان و ئەو بانکانەشدا نییە کە هەژمارەکەیان تێدا کراوەتەوە.
سیستمەکە زۆر پێشکەوتووە و دەبوایە چەندان ساڵ لەمەوبەر جێبەجێ کرابا، لەم سیستمەدا مووچەخۆر کە خاوەنی کارتی بانکییە لە ڕێی پەیامێکی تەلەفۆنی SMS ئاگادار دەکرێتەوە کە مووچەکە هاتووەتە سەر هەژمارەکەی و کۆمەڵەک ڕۆتینات و هاتوچۆیەی لەکۆڵ دەبێتەوە، ئەمە جگە لەوەی کە پارەکەی پارێزراوە و هەر کاتێک پێی خۆش بێت ئەوا سوودی لێ وەردەگرێت.
هەر کاتێک مووچە خرایە سەر حسابی بانکیی فەرمانبەر یان هەر مووچەخۆرێک کە بووەتە خاوەنی هەژماری بانکی دەتوانێ ڕاستەوخۆ پارە لە هەریەکێک لە ئامێرەکانی ئەی تی ئێم پارەکەی بە کاش ڕابکێشێت.
بەگوێرەی پڕۆسەی ڕاکێشانی پارەی کاش لەو ئامێرانە، کارتی بانکی دەخرێتە ناو ئامێری ئەی تی ئێم یان لە نزیک ئامێرەکە ڕادەگیرێت و ژمارەی نهێنی بەکارهێنانی کارتەکە لێ دەدرێت و ڕێنماییەکانی سەر شاشەکە جێبەجێ دەکرێ بۆ ئەو مامەڵەیەی کە کەسەکە دەخوازێت بیکات وەک دەرهێنانی پارە، پرسیارکردن لە باڵانس، یان گۆڕینی ژمارەی نهێنی بەکارهێنانی کارتەکە.
ڕاکێشانی مووچە لە ئامێری ئەی تی ئێمی سەر بە بانکی خۆت پارەی تێناچێت بەڵام لە کاتێکدا ڕاکێشانی پارە لە ئامێری ئەی تی ئێمی سەر بە بانکێکی جیاواز٠.٤%ی تێچوونی دەبێت کە بۆ هەر ملیۆنێک چوار هەزار دینارە.
یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی گەشەی ئابووری لە وڵاتانی جیهان بە تایبەتی وڵاتە پیشەسازییەکان پەیوەستە بە سووڕانەوەی سەرمایە، بانکەکانیش لەم پڕۆسەیەدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن. بانکەکانی کوردستان لە ڕابردوودا بێبەش بوون لەم ڕۆڵە و ماوەی ساڵێکە حکوومەت لە ڕێی ”هەژماری من” لە هەوڵدایە ڕۆڵی بانک و بەشداریی تاک لە چالاکییە ئابووری و داراییەکان بە ئامانجی پێشکەوتنی ئابووری و بەستنەوەی بازاڕەکانی کوردستان بە بازاڕەکانی جیهان بەرجەستە دەکات.
بەپێی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا جگە لەوەی کە تەواوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان بەم کارتە وەردەگرن ئەوا هەر بەو کارتە دەتوانن قەرز وەربگرن و بەپێی ڕێککەوتنێک کە لە گەڵ بانکەکان کراوە لە ساڵی داهاتوودا مووچەخۆر دەتوانێت تا سەدوپەنجا ملیۆن دینار قەرز ڕاکێشێت و بۆ پڕۆژەکانی بەکاری بێنێت. بەدەر لەمە لە دەرەوەی وڵاتیش دەتوانێت سوود لە هەژمارەکەی وەربگرێت و هەموو پڕۆسەیەکی کڕینی دیجیتاڵی هەر لە ڕێی کارتە بانکییەکەیەوە دەکرێت.