چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە قۆناغی جێبەجێکردنن و زیاتریش قیڕتاو كردن و چاككردنی ڕێگاوبانەكانە.
هەژار حەكیم بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕایگەیاند: ئەم پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی لە ئێستادا لە سنوورەكەمان لە بواری جێبەجێكردنن، بریتین لە ٣٢ پڕۆژەی خزمەتگوزاری، كە بریتین لە دروستكردن و قیڕتاوكردن و كۆنكرێت و ئاوەڕۆ و پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەن.
گوتیشی: هەروەها لەم نزیكانە بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەك لە قەزای سیدەكان دادەنرێت، یەكێك لەوانەش بەفەرمی كردنەوەی بانكی حكوومییە لە قەزای سیدەكان.
جێگای ئاماژەیە لەماوەکانی پێشووتردا چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری تر لەو سنورە جێبەجێکراوە وەکو، پڕۆژەی ئاوی دۆڵی ئاکۆیان بە گوژمەی نزیکەی ٦٠٠ ملیۆن دینار. قیڕتاوکردن و کۆنکرێت کردنی ڕێگەی گوندەکانی “سەران، گەرەوانی خواروو، ئاکوان، فەقێیان، ئاوی کەون، گەرەوانی سەروو سەر بە قەزای رواندز، بە گوژمەی نزیکەی ٧٦٩ ملیۆن دینار. چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکانی سەنتەری قەزای ڕواندز بە گوژمەی زیاتر لە ٤٨٠ ملیۆن دینار. نۆژەنکردنەوەی یاریگای ١١ یاریزانی ڕواندز بە گوژمەی نزیکەی ٢٩٠ ملیۆن دینار. کۆنکرێت کردنی کۆڵانەکانی بەرزێوە، ماولیان و جوندیان بە گوژمەی نزیکەی ٢٧٠ ملیۆن دینار. جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە جگە لەوەی سوودی بۆ هاووڵاتییان دەبێت، ژمارەیەک هەلی کاریش بۆ دانیشتووانی سنوورەکە دابین دەکات.