مەسرور بارزانی پێشوازی لە ڕوونکردنەوەی دادگای فیدراڵی لەبارەی “هەژماری من” دەکات

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ڕوونکردنەوەی دادگای باڵای فیدراڵی دەکات سەبارەت بە بەشداربوونی بانکە حکوومی و تایبەتەکان لە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-07-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاو کردەوە و ئاماژەی بە ڕوونکردنەوەکەی ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدراڵی کرد و جەختی کردەوە، “ئەم پێشکەوتنەی ئەمڕۆ، زیاتر هانمان دەدات تا پرۆسەی #هەژماری_من خێراتر بکەین و بەڵێنەکەمان جێبەجێ بکەین کە تا کۆتایی ئەمساڵ، یەک ملیۆن مووچەخۆر ببن بە خاوەن هەژماری بانکی. هەروەها دڵنیایی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەدات و ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی دیکە خۆش دەکات”. 

ئەمەش دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

پێشوازی لە ڕوونکردنەوەی ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدراڵی دەکەم سەبارەت بە بەشداربوونی بانکە حکومی و تایبەتەکان لە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان، #هەژماری_من.

وەک هەمیشە داکۆکیم کردووە، دەبێت هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەمان مافی بەشەکانی دیکەی عێراقیان هەبێت لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆیان بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، بەو مەرجەی بانکەکان لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق @CBIiraq مۆڵەتیان پێبدرابێت و پەسەند کراو بن. ڕوونکردنەوەکەی ئەمڕۆ ئەو مافە بنەڕەتییە دووپات دەکاتەوە.

داوا لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەم بە زووترین کات خۆیان تۆمار بکەن.  

ئەم پێشکەوتنەی ئەمڕۆ، زیاتر هانمان دەدات تا پرۆسەی #هەژماری_من خێراتر بکەین و بەڵێنەکەمان جێبەجێ بکەین کە تا کۆتایی ئەمساڵ، یەک ملیۆن مووچەخۆر ببن بە خاوەن هەژماری بانکی. هەروەها دڵنیایی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەدات و ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی دیکە خۆش دەکات.

نووسراوەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق

لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کردووە، دادوەر جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی ئاماژەی بەوە داوە، بابەتی بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەو بانکانەش دەگرێتەوە کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە مۆڵەتیان پێدراوە و لە هەرێمی کوردستان لقیان هەیە.

سەرۆکی دادگەی فیدراڵی لە نووسراوەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، هەڵبژاردنی بانکی دڵخواز بۆ پرۆسەی بە بانیکردن دەگەڕێتەوە بۆ بژاردەی فەرمانبەر و مووچەخۆران.

هاوکات لە نووسراوێکی فەرمی دیکەدا کە فەرمانگەی چاودێریی بانکەکان ئاڕاستەی دادگەی فیدراڵی کردووە، ناوی ئەو بانکانەی کە مۆڵەتی بانکی ناوەندیان هەیە و لە هەرێمی کوردستان لقیان هەیە ئاماژەی پێکراوە.