ئاوارەکانی شنگال بە مەرجی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال دەگەڕێنەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران جێبەجێ ناکرێت تا دۆخی شارەکە ئارام نەبێت و ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکرێت.

ھەندێک لە ئاوارەکانی شنگال کە زیاتر لە دە ساڵە لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان دەژین، نایانەوێت بگەرێنەوە، وەکو خۆیان دەڵێن، تا ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکرێت ناگەڕێنەوە چونکە مەترسی لەسەر ژیانیان ھەیە و دۆخی ئەمنی سەقامگیر نییە.
شازدە کەمپی ئاوارەکانی شنگال لە سنووری پارێزگای دھۆک ھەن، نزیکەی حەفتا ھەزار خێزان تێیدا دەژین. بەگوتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران جێبەجێ ناکرێت تاوەکو دۆخی شنگال ئارام نەبێت و ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکرێت، لەبەر ئەوەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ھیچی بۆیان نەکردووە و لەجیاتی ئەوەی بێت ھاوکاریی ئاوارەکان بکات و دۆخی شنگال ئاسایی بکاتەوە ئەو ھەموو ھێزەی لێیە دەربکرێن، دێت فشار دەکات.
نۆ ساڵە شنگال لەدەستی داعش ڕزگار کراوە و حەوت ساڵیشە سەرکەوتن بەسەر داعش ڕاگەیێندراوە کەچی حکوومەتی عێراق پەڕگیری لەچارە کردنی ئەو کێشانە دەکات کە دەبنە ھۆی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دەوروبەری و گەڕانەوەی ئاوارەکان.
نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی کوردستان ماون، کە حەوت سەد ھەزاریان ئاوارەی عێراقن، ھەتاوەکو ئێستا حکوومەتی عێراق ھیچ ھەنگاوێکی جیددی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان نەناوە، ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ھاوکارییەکی پێشکەشی ئاوارە و پەنابەرەکان کردووە، ھەروەھا ھەموو ھەوڵێکیشی داوە بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان تا گۆڕانی دیمۆگرافی لە ناوچەکانیان دروست نەبێت. حکوومەتی عێراق دەیەوێت لە ٣٠ـی ئەم مانگە کەمپەکان دابخات، بێ ئەوەی ڕێگەی خۆش کردبێت بەتایبەت بۆ خەڵکی شنگال، بێ ئەوەی پرسیار لە خۆیان بکەن ئەو خەڵکە چۆن بگەڕێتەوە شنگال کە تا ئێستا خزمەتگوزاریی و ئاوەدانیی و ئەمن و ئاسایش نییە، گرووپی جۆراوجۆر لە شنگال ھەن وەک پەکەکە و حەشدی شەعبی.
مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: دۆخی ئەمنی شنگال ئارام نییە و لە دەستی گرووپە لە یاسا دەرچووەکانە، ڕۆژانە شنگال بۆردوومان دەکرێت، ئەگەر ئاوارەکان بگەڕێنەوە ژیانیان دووبارە دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆیە خۆیان ناگەڕێنەوە، ئێمەش وەکو پەرلەمانتار لەگەڵ حکوومەتی عێراق جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت، بۆیە لەگەڵ ئەوەدا نین لە ئێستادا خەڵکی ئێمە بگەڕێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە، دەشڵێ: وەکو پەرلەمانتار نامەیەکم بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق ناردووە، بۆ ئەوەی دیار بکات کە لەگەڵ ئەو بڕیارەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانە، ئەگەر لەگەڵ بڕیارەکەیە بە ئاشکرا بڵێ، ئەگەرنا دەمانەوێت، بڵێ نابێت ئاوارەکان بە زۆر بگەڕێندرێنەوە پێویستە بارودۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە کە ئێستا گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان حوکمی شنگال دەکەن، ڕەوشی ئاوارەکان باش نییە خەڵک قەرەبوو نەکراوەتەوە، بۆیە بە ھیچ شێوەیەک ڕازی نابین ئەو پلانە بەسەر میللەتی ئێمەدا جێبەجێ بکرێت، ئەگەر ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ کرا گرووپە لە یاسا دەرچووەکان لە شنگال نامێنن بەوەش ئاوارەکان دەگەڕێنەوە و دەست بە ئاوەدانکردنەوەی شارەکە دەکرێت.