کاسبکارانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر سوپاسی هێزە ئەمنییەکان دەکەن

هەولێر

دوای ئەوەی لیژنەی هاوبەشی لێکۆڵینەوەی ڕووداوەکانی ئاگر کەوتنەوە لە بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک و کەرکووک لە لایەن هەردوو وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا دەستگیرکردنی تۆمەتبارانیان ڕاگەیاند و بۆ ڕای گشتی سەلمێنرا هۆکارەکە سروشتی نەبووە، کاسبکارانی بازاڕی قەسیەریی هەولێر ستایشی ڕۆڵی هێزە ئەمنییەکان دەکەن.

کاسبکارێکی بازاڕەکە، کە لە ئاگر کەوتنەوەی بازاڕەکەدا زیانێکی اددی زۆری بەرکەوتووە، باس لەوە دەکات، وەک کاسبکارانی بازاڕەکە تا ڕادەیەک دڵنیابوونەوە دەستێک لە پشت هەڵگیرسانی ئاگرەکەوە بووە و سروشتی نەبووە. دەشڵێت؛ دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەکانی کوردستان دەکەین کە خەمی ئێمەیان بە هەند وەرگرت و وازیان لەم دۆسیەیە نەهێنا تا بە ئەنجامیان گەیاند و تاوانبارانیان ئاشکرا کرد.
زیانلێکەوتوویەکی دیکەی بازاڕەکە، داوا دەکات بە توندترین شێوە بکەرانی ئەو ڕووداوە سزا بدرێن و دەڵێت؛ داواکارین یاسا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و لەژێر هیچ ناو و پلە و پۆستێکدا یان لەبەر دڵی هیچ لایەنێکی سیاسی چاوپۆشی لەو تاوانە نەکرێت و هیچ لایەنێکی سیاسی هەوڵ نەدات تەداخول لەو دۆسیەیەدا بکات.
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوەدا هەر وەک ڕاگەیاندرا، لەلایەن میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ، تۆڕێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دوو کەسی سەر بە یەکەی 70ـی هێزەکانی پێشمەرگە و دژەتیرۆری سلێمانی، لە پشت هەموو ئەو ئاگرانەوە بوون کە لە ماوەی ڕابردوودا لە بازاڕەکانی کەرکووک و هەرێمی کوردستان کەوتوونەتەوە.
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاند: دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد، توانرا دەستمان بگات بە تۆڕێکی تاوانکاری کە لە ماوەی ڕابردوو زیانێکی زۆریان بەهاووڵاتییانی هەولێر، دهۆک و کەرکووک و چەند ناوچەیەکی دیکە گەیاندووە کە ئامانجەکەی لێدانە لە ئابووریی هاووڵاتییان، توڕەکردنی خەڵک و بڕینی سەرچاوەی قووتی هاووڵاتییانە، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە پەیوەندییەکانی نێوان هاووڵاتییان و حکوومەت تێک بدەن.
کاسبکارێکی دیکەی بازاڕەکە، ڕای خۆی وتوە و دەڵێت؛ دوکانەکانمان هەمووی سووتا، سووتانەکە ئاسایی نەبوو، دوکانەکەی من بە تەواوی ڕووخا، سووتانەکە بە جۆرێک بوو کاتێک بە کۆڵانێکدا دەچوویت لە پڕ ئاگر بەرەو ڕووت دەهات، بە هیچ شێوەیەک نەدەتوانرا کۆنتڕۆڵ بکرێت، بۆیە هەر زوو زانیمان ئاسایی نیە و دەستکردە”.
دەشڵێت؛ داواکارییەکەمان ئەوەیە، هەموو ئەو کاسبکارانەی زەرەرمەند بوونە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکان، هەموومان لە شوێنێک کۆبکرێینەوە و ئەو تاوانبارانە بەبەرچاوی ئێمەوە لە سێدارە بدرێن”.
لەماوەی چەند انگی ڕابردوودا ٤ جار بازاڕە گەورە و قەرەباڵغەکانی شاری هەولێر توشی ڕووداوی ئاگر کەوتنەوە بوونەوە، لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٤ ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگە کەوتەوە، دواتر لە ٨ی نیسان جارێکی دیکە ئاگر لە ھەمان بازاڕ کەوتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە دووکان و ماڵ و موڵکی ھاووڵاتییان سووتان، ھاوکات لە ٢٣ی نیسان ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی نیشتمانی شاری ھەولێر کەوتەوە و ژمارەیەک دوکانی کاسبکاران سووتان، دواجار شەوی ٥ی ئایار ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەریی ھەولێر کەوتەوە کە زیانەکانی بە ملیۆنان دۆلار خەمڵێندرا سەرباری ئەوەش بازاڕەکە بازاڕێکی ئاسایی نییە و مۆرکێکی کلتووری هەیە بۆ شاری هەولێر.