ئەمڕۆ سێشەممە لە سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر كۆبوونەوەیەكی تایبەت سەبارەت بە دیراسەكردن و جێبەجێكردنی بڕیاری ڕێپێدانی خانووی دابەش دوو بەڕێوەچوو.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ئەندازیار کارزان عبدولهادی سەرۆکی شارەوانی هەولێر بە ئامادەبوونی شوکرییە عەباس بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانی هەولێر، لەگەڵ گشت بەڕێوەبەرانی شارەوانییەکانی سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و لێپرسراوی بەشی مۆڵەت کۆبووەوە.
ئامانج لە کۆبوونەوەکەدا جێبەجێکردنی بڕیار و ڕێنماییەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بوو بۆ دیراسەکردن و چۆنیەتی هەنگاوەکانی کارکردن لەسەر بابەتی زەوی دابەش دوو پاڵپشت بە فەرمان و ڕاسپاردەکانی وەزارەتی شارەوانی ژمارە (566) لە 2024/6/2 لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر.
سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر رایگەیاند كە لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لە هەنگاوی نوێ کرایەوە لەپێناو بەرژەوەندی و خزمەتکردنی هاونیشتیمانیان.
لە رۆژی 2/6/2024 ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە نووسراوێكی فەرمی سەرجەم بەرێوەبەرایەتییە گشتییەكان و سەرۆكایەتیی شارەوانییەكانی هەموو شار و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی ئاگادار كردەوە بەپێی چەند مەرجێك مۆڵەتی دروستكردنی خانوو بەشێوەی دابەش دوو بدەنە هاووڵاتییان.
لە نووسراوەكە چەندین مەرج دیاریكرابوو بۆ دەستپێكردنەوەی دروستكردنی خانوو بەشێوەی دابەش دوو، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاندبوو كە ئەم بڕیارەیان بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتیی هاووڵاتییان دەركردووە