مەسرور بارزانی: پێویستە ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت

بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی بەرنامەی پاڵپشتی دارایی بۆ ڕزگاربووانی دەستی تیرۆریستانی داعش لە هۆڵی سەعد عەبدوڵلا، لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت.

بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی بەرنامەی پاڵپشتی دارایی بۆ ڕزگاربووانی دەستی تیرۆریستانی داعش لە هۆڵی سەعد عەبدوڵلا، لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت.

بەشێکی گوتاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز، خوشکانی ڕزگاربووی دەستی تیرۆریستانی داعش ڕۆژتان باش و زۆر زۆر بەخێربێن.

ئەمڕۆ شەرەفمەندین  کە ڕێز لە قوربانیانی ڕزگاربووی دەستی تیرۆریستانی داعش دەگرین. ئەگەر چی ئەمساڵ یادی 10 ساڵەی کۆمەڵکوژی شنگال و دەوروبەری دەکەینەوە، بەڵام بەداخەوە ئێش و ئازار و مەینتییەکانی خوشک و برایانی ئێزدیمان لە دەڤەری شنگال دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە هێشتا کۆتایی نەهاتوون.

ئەمڕۆ لێرە بە ڕێز، شکۆ و پێزانینێکی زۆرەوە یادی هەموو قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژییەی دەستی تیرۆریستانی داعش لە خوشک و برایانی ئێزدی دەکەینەوە. هەروەها بە پێزانینێکی زۆرەوە یادی خۆڕاگری، قارەمانییەتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەینەوە کە بە ڕێبەرایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانی تیرۆریستانی داعشیان تێکشکاند و شنگالیان ڕزگار کرد.

دوای 10 ساڵ لەم کارەسات و کۆمەڵکوژییە، هێشتا بارودۆخی دەڤەری شنگال ئاسایی نەبووەتەوە. هەروەها بەهۆی خۆسەپێنی و گرووپە چەکدارە نایاساییەکانەوە، خوشک و برا ئێزدییەکانمان لە کەمپەکاندا ماونەتەوە و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان و بەم هۆیشەوە تا ئێستا ناوچەکانیان ئاوەدان نەکراوەتەوە.

لەم بۆنەیەدا، پشتیوانیی خۆمان بۆ داخوازییە ڕەواکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان دووپات دەکەینەوە و پێویستە کۆتایی بە دۆخی نائاسایی شنگال بهێنرێت و ڕێککەوتنامەی شنگال وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت و دۆخی ئەو ناوچەیە ئاسایی بکرێتەوە بۆ ئەوەی بە هاوکاریی حکوومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بتوانین دەڤەرەکە ئاوەدان بکەینەوە و دەسەڵاتی ناوچەکەش بگەڕێتەوە دەستی خەڵکی ڕەسەنی شنگال.

ئامادەبووانی بەڕێز، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی باشی ناوە بۆ سووککردنی ئازارەکانی کەسوکاری قوربانیانی دەستی تیرۆریستانی داعش. هەروەها ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی بینیوە لە ئازادکردنی ژمارەیەکی زۆری ڕفێندراوانی ئێزدی و پێکهاتەکانی تر لە دەستی تیرۆریستانی داعش و لە هەوڵەکانیشی بەردەوام دەبێت بۆ زانینی چارەنووسی هەموو ئەوانەی تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە.

هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری کردووە بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش وەک تاوانی جەنگ، بۆ ئەم مەبەستە بە پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش، داوامان کرد دادگایەکی تایبەتمەند دابمەزرێت بۆ دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش لەسەر تاوانە نێودەوڵەتییەکانیان، بەڵام بەداخەوە ئەم هەوڵانە تا ئێستاش لە ئاستی فیدراڵیدا وەکوو پێویست پێشوازیی لێ نەکراوە.

دەستخۆشی لە هەموو ئەو وڵاتانە دەکەین کە تاوانەکانی تیرۆریستانی داعشیان لە دژی کوردانی ئێزدی بە فەرمی بەجینۆساید ناساندووە. هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هاوکار و یارمەتیدەرمان بێت لە کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان بە سەربەرزی و ئازادی.  

بەڕێزان:

قوربانیانی ڕزگاربووی دەستی داعش ، وێڕای ئەو هەموو ئێش وئازار و نەهامەتییەی ڕووبەڕوویان بووەوە ، بەڵام جێی خۆشحاڵی و شانازییە ، کە ئەوان خۆڕاگرانە بەردەوامن لە هەوڵ و کارکردن و کۆڵنەدان لە پێناو درێژەدان بە ژیان و زۆریشیان بوونەتە نموونە و سیمبولی لێهاتوویی و چیرۆکێکی ئیلهامبەخش لە خۆڕاگری و سەرکەوتن .

خۆشحاڵبووم کە مانگی ڕابردوو، لە ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆکـ، خەڵاتی شەڕەفی خۆڕاگریم بە یەکێک لە ڕزگاربووانی دەستی داعش دا کە ئەویش خاتوو شیرین خێرۆ خودێدا بوو کە لە زانکۆی ئەمەریکی ، زۆر بە سەرکەوتوویی خوێندنەکەی تەواو کرد و بڕوانامەی وەرگرت، بەسەرهاتی ئەو خانمە، چیرۆکێکی کەم وێنەیە، کە سەرەڕای ڕفاندن و دەستبەسەری بۆ چەند ساڵێک لەلایەن داعشەوە، بەڵام سووربوو لەسەر بەردەوامبوونی لە خوێندن و بوو بە هێما و نیشانەی خۆڕاگری خوشک و برا ئێزیدییەکانمان.

خوشک و برایانی ئێزیدی، بەشێکی گرنگ و دانەبڕاون لە گەلی کوردستانن و ڕێورەسمە ئایینیەکانیشیان بە زمانی پاراوی کوردییە. سەرەڕای هەموو پیلان و هەوڵی ناحەزان بۆ دابڕاندنیان لە خەڵکی کوردستان ، بەڵام ئەوان هەر لە دێرەزەمانەوە پێکهاتەیەکی ڕەسەنی گەلی کوردستان بوون و هەرواش دەمێننەوە و بەشێکی گرنگ دەبن لەو پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.

ئەم ڕێزلێنانە بەخشینێکی مانگانەیە بۆ زیاتر لە 3 هەزار خوشکی ئێزیدی ڕزگاربووی دەستی داعش و بێگومان بە باشتربوونی دۆخی دارایی ، ئاستی هاوکارییەکانمان بۆ ئەم خۆشەویستانە فراوانتر دەبێت . ئێمە هەموو هاوکارییەک پێشکەشی ئەم ئازیزانە دەکەین تا ژیانێکی شایستەیان هەبێت و بەشێکی بچووک لە برینەکانیان ساڕێژ بکەین ، بە تایبەتی لە دۆزینەوەی دەرفەتی کار و درێژەدان بە خوێندن و چارەسەریی پزیشکیان، بە پێی توانا هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەین.

لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسییەکی بێ پایانی جەنابی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەکان بکەین . دوای ئەوەی کوردستان کەوتە دەست تیرۆریستانی داعش ، جەنابی سەرۆک بەڵێنیدا کە هەتا شنگال ڕزگار نەبێت من واز ناهێنم ، بۆیە بڕیاریدا خۆی سەرکردایەتی شەڕی ڕزگارکردنی شنگال بکات و ئێمەش هەتا شنگال ڕزگار کرا و گەیشتینە سەر چیای شنگال لە خزمەتی ئەودا بووین کە سەد ڕۆژی پێچوو. 

زۆر خەڵك هەوڵیاندا ئەم چیرۆكە بە ئاستێكی نادروست بگێڕدرێتەوە، تەنیا ئەوە بزانن کە ئێزدی و خوشك و برایانی ئێمەی ئێزدی، هەموو كاتێك لە دڵی جەنابی سەرۆكدا بوون و جەنابی سەرۆك لە هەموو كەسێك زیاتر خەمخۆری ئێزدییاندا بووە و ئەو خۆی و هەموو كەس و كار و پێشمەرگەكانی، ئەوەی پێی كرا، كردی تاوەكوو سەربڵندی و كەرامەتی ئێزدییان بگەڕێنێتەوە و تیرۆریستانی داعش بشكێنێت. جێی خۆیەتی سوپاسێكی گەرمی پێشمەرگە قارەمانەكان بكەین كە چەندین پێشمەرگە گیانی خۆیان كردە قوربانی تاكوو شنگالی بندەست ڕزگار بكرێت.

ئەمڕۆ ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی خۆڕاگریی گەلی ئێمەی ئێزدی بكەین، سەرەڕای هەموو ئەو نەهامەتییانە، سەرەڕای ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی كە بەرامبەر بە ئێوە كراوە، خۆڕاگربوون، نە ناسنامەی خۆتان دۆڕاند، نە هێڤی و ئومێدی خۆتان دۆڕاند.

ئینشائەڵڵا خوا ئێوە هەر سەرفراز بكات و كوردستانیش هەر ئاوەدان بێت، خوشك و برایانی ئێمەی ئێزدیش لە ژیانێكی سەربەرز و ئازاد دا بژین.

ھەواڵی زیاتر