کۆمیسیۆن دەرفەتێکی دیکە دەداتە ئەو کەسانەی کێشەی پەنجەمۆریان هەیە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دە ڕۆژی دیکە دەدرێت بەو کەسانەی پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە بۆ ئەوەی سەردانی بنکەکانی تۆماری دەنگدەران بکەن و جارێکی دیکە پەنجەمۆریان بخوێندرێتەوە، بۆ ئەوەی لە ڕۆژی ھەڵبژاردن لە دەنگدان بێبەش نەبن.

ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دوو ڕێکاری بۆ کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نوێ کردەوە، یەکێکیان چارەکردنی کێشەی پەنجەمۆری بەشێکی ھاووڵاتییانە، ئەوەی دیکەش کردنەوەی لینکە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی بوونە فەرمانبەر لەسەر سندووقەکانی دەنگدان.
٢٦-٦-٢٠٢٤، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان فەرمانی ھەرێمیی ژمارە ٢٢٢ـی ساڵی ٢٠٢٤ تایبەت بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دیاریکرد و ڕۆژی ٢٠-١٠-٢٠٢٤ بە وادەی کردنی ھەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.

کێشەی دەنگدەران چارە دەکرێت
مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: دوای ئەوەی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کاتێکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرا، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دووبارە چاوپێداخشانەوە بە خشتەی کارەکانیدا دەکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە گشت بنکەکانی نووسینگەی ھەولێر لە خزمەت ئەو ھاووڵاتییانەدانە کە کێشەی پەنجەمۆریان ھەیە، لەو چوارچێوەیەدا ئەوانەی پێشتر سەردانی بنکەکانیان کردووە و کێشەی خوێندنەوەی پەنجەمۆریان ھەبووە دەتوانن تاوەکو دەی مانگ سەردانی ھەر یەکێک لە بنکەکانی نووسینگەی ھەولێری کۆمیسیۆن بکەن کە ژمارەیان پەنجاوسێ بنکەیە بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارە بکرێت.

زیاتر لە سەد ھەزار کەس کێشەی پەنجەمۆریان ھەیە
مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕوونیکردەوە: لە سنووری پارێزگای ھەولێر پێشتر نزیکەی سەد و سی و پێنج ھەزار کەس کێشەی پەنجەمۆریان ھەبووە، بەڵام نزیکەی شازدە ھەزار ھاووڵاتیی سەردانی بنکەکانیان کردووە و پەنجە مۆرەکانیان وەرگیراوەتەوە، ھەر بۆیە ئێستا داوا لەو ھاووڵاتییانە دەکەین کە کێشەیان ھەیە سەردانی بنکەکان بکەن، بۆ ئەوەی لە پرۆسەی دەنگدانی پەرلەمانی کوردستان بێبەش نەبن.

ناونووسین دەست پێ دەکات
چواری مانگ دەرگای ناو تۆمارکردن بۆ دەرچووان و قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگەکان دەکرێتەوە بۆ ئەوەی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ببنە کارمەندی سەر سندووقەکانی دەنگدان، تاوەکو ٢٣ی مانگ بەردەوام دەبێت و خەڵکی ھەر سێ پارێزگای ھەولێر، سلێمانی و دھۆک دەگرێتەوە. محەممەد شاکر، بەرپرسی بنکەی سۆرانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، ڕاگەیاند، ھاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە لە کردنەوەی لینکی داواکاری بۆ دامەزراندن وەک کارمەندی سەر سندووقی دەنگدان بۆ ڕۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەو کەسانەی پێشتر دەرفەتیان نەبووە داواکاری پێشکەش بکەن، لە ٤/٧/٢٠٢٤ دەستپێدەکات تا ٢٣/٧/٢٠٢٤ خوازیاران دەتوانن داواکاری پیشکەش بکەن، جگە لە ھێزە ئەمنی و سەربازییەکان، قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگەکان کە دەرچوانی بەکالۆریۆس یا دبلۆم دەگرێتەوە دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن، ئەو کەسانەی پێشتر فۆرمیان پڕکردۆتەوە پێویست ناکات دووبارە فۆرمەکە پڕبکەنەوە، تەنھا ئەو کەسانە دەتوانن کەپێشتر دەرفەتییان نەبووە خۆیان تۆمار بکەن بۆ سەر سندووقی دەنگدان لە ڕۆژی کردنی ھەڵبژاردن.

دەنگدەران کارتەکانیان وەرناگرنەوە
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، شەش سەد و شەست و شەش ھەزار و دوو سەد و بیست و شەش کارتی بایۆمەتری گەڕاونەتەوە ھەرێمی کوردستان، لەو ژمارەیە نزیکەی سێ سەد و حەفتا و پێنج ھەزار و سی و چوار کارتیان لەلایەن خاوەنەکانیان وەرگیراونەتەوە و دوو سەد و نەوەد و یەک ھەزار و سەد و نەوەد و یەک کارتیش وەرنەگیراونەتەوە، بەگوێرەی ئەو ئامارە دوو سەد و پەنجا و چوار ھەزار و دوو سەد و شەست و پێنج کارتی بایۆمەتری گەیشتوونەتە ناوەندەکانی تۆماری کۆمیسیۆن لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان، بەڵام سەد و سی و سێ ھەزار و شەش سەد و چل و دوو کارتیان لەلایەن خاوەنەکانیانەوە وەرگیراونەتەوە، بەوەش ٥٢%ی ئەوانەی ئەو کارتەیان بۆ دروستکراوە، وەریاننەگرتووەتەوە، لە ھەولێر لە کۆی ھەشتا و چوار ھەزار و نۆ سەد و سی و شەش کارتی بایۆمەتری دەنگدانی تایبەت چوار دە ھەزار و پێنج سەد و سی و شەش یان وەرگیراونەتەوە، کە تەنیا ١٧%ی کارتی دەنگدان تایبەتە. محەممەد شاکر، بەرپرسی بنکەی سۆرانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، دەڵێت: ئەو ھاووڵاتییانە ئاگادار دەکەینەوە کە خۆیان لە بنکەکان تۆمار کردووە و تا ئێستا کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە دەتوانن سەردانمان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان.

ھەواڵی زیاتر