کەرکووک لە بەردەم مەترسیی گۆڕانکاریی دیمۆگرافیدایە

لە سەرەتای تەمووزی ساڵی ١٩٥٧ و ساڵێک و دوو هەفتە بەر لە ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتیی عێراق و سەرهەڵدانی شۆڕشی تەمووز، سەرژمێری لە تەواوی عێراق کرا و هەرچەندە لە سەردەمی بەعسیشدا کۆمەڵێک سەرژمێری کراون بەڵام دانیان پێدانەنراوە و تا ئەم ساتەش حکوومەتی عێراق کار بە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ دەکات.

گرنگترین دەرەنجام لە دواین سەرژمێریی ڕژێمی پاشایەتیی سەرەڕای دەستکاری و سیاسەتەکانی ئەو سەردەمە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کورد لە کەرکووک، سەلمێنراوە زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانی شارەکە کوردن و دانیشتووانی تورکمان و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە بە هەموویانەوە بەشەکەی تر لەخۆ دەگرن.
بیرهێنانەوەی ئەو سەرژمێرییە بۆیە گرینگە کە ئەمساڵ دوای شەست و حەوت ساڵە لەو کاتە بڕیارە سەرژمێرییەکی تر لە تەواوی عێراق بکرێت، بە درێژایی ئەو شەش دەیە لە دەسەڵاتی بەعس و پاشان دەسەڵاتی زۆرینەی شیعە لە چوارچێوەی سیستمی فیدراڵیدا کۆمەڵێک گۆڕانکاری کراوە و سیاسەتی بەعەرەبکردن و ڕاگواستنی کورد لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی تر بە پلان جێبەجێ کراوە و ساڵ بەساڵ هەوڵ دراوە لە ژمارەی کورد کەم بکرێتەوە و لە ژمارەی عەرەب زیاد بکرێت.
لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیی عێراقدا چوار جار سەرژمێری گشتی کراوە کە لە ساڵانی ١٩٢٧، ١٩٣٤، ١٩٤٧ و ١٩٥٧ بووە. لە سەردەمی بەعسیشدا چوار جار سەرژمێری کراوە کە لە ساڵانی ١٩٦٥، ١٩٧٧، ١٩٨٧ و ١٩٩٧دا بووە.

خراپترین سەرژمێرییەکان لە سەردەمی بەعسدا بەڕێوەچوون و تا ئەم ساتەش حکوومەتی عێراق کار بە سەرژمێریی ١٩٥٧ی عێراق دەکات کە شەست و حەوت ساڵ بەسەریدا تێدەپەڕێت.
حکوومەتی بەعس بە پلانێکی زۆر نامرۆڤانە هەزاران گوندی خاپوور کرد و بە دەیان هەزار خێزانی لە شارەکە دوور خستەوە و لەجێی ئەوان عەربی نیشتەجێ کرد. لە سەدەکانی ڕابردوودا لەو شارە هەر عەرەب نەبووە و تورکمان لە ڕیزبەندی دووەمدا هاتووە بەڵام هەموو هەوڵێک دراوە کە عەرەب زیاد بکرێت و تا ڕادەیەکیش لەم ڕووەوە سەرکەوتوو بوون.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و پاشان پەسندکردنی مادەی ١٤٠ هەندێک هەنگاوی ئەرێنی نرا بۆ ئاساییکردنەوەی شارەکە و گەڕاندنەوەی بەشێک لە عەرەبە هاوردەکان و گەڕانەوەی کوردە دەرکراوەکان بەڵام ئەمە تەنیا ماوەیەکی کورت بوو و بڕگەکانی مادەکە پشتگوێ خران و ڕێ لەوە گیرا سیاسەتەکانی چەند دەیەی دەسەڵاتی بەعس لەسەر شارەکە پاک بکرێتەوە.
دۆخەکە بە تایبەتی لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە پێچەوانە بووەتەوە و بە هەمان ئاواز و زۆر جار خراپتر لە سەردەمی بەعس هەوڵی بەعەرەبکردنی کەرکووک و گۆڕینی دیموگرافیای شارەکە دراوە. هێشتا شوێنەوارەکانی سیاسەتی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر نەسڕاونەتەوە کە ئەمساڵ بڕیارە سەرژمێری بکرێت و بۆیەش ئەو مەترسییە هەیە کە ژمارەی کورد دابەزێنرێت و ژمارەی عەرەب زیاد بکرێت و واقیعی سەپاوی شارەکە بکرێتە بنەمای سەرەکیی سەرژمێری.
لە پڕۆسەی سەرژمێری سەرەتا گەمارۆسازی دەكرێت بۆ بلۆكی دەستنیشانكراو، پاشان یەكەكانی نیشتەجێبوون و شێوازی نەخشەی پێكهاتەیی لەناو ئامارەكەدا دەستنیشان دەکرێن، كەسەكان بەپێی ڕەگەز و تەمەن و ئاستی خوێندەواری و جۆری نەخۆشی تۆمار دەکرێن و ئەندامێتییان لە چوارچێوەی خێزانەكەدا و پاشانیش ئاین و نەتەوەكەیان دیاری دەكرێت و بە گشتی نزیک سەد پرسیار لە خەڵک دەکرێن و بە شێوەیەکی ئۆنلاین بە سیستمی بایۆمەتری تۆمار دەکرێن. ژمارەی ئەو عەرەبە هاوردانەی لە کەرکووک نیشتەجێن زۆرن و لەم سەرژمێرییەشدا سەرجەمیان هەژمار دەکرێن و دەبن بە دانیشتووانی ڕەسەنی شارەکە کە بە مەترسی بۆ سەر کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد هەژمار دەکرێن.

لە پێوەندی لەگەڵ کورد سەرجەم سەرژمێرییەکان سیاسەتێکی لە پشت بووە کە ویستوویەتی لە قەبارەی دانیشتووانی کورد کەم بکاتەوە، دەبووایە بەر لە سەرژمێری، مادەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێ بەڵام نەکراوە و بەغدا لە ژێر سایەی هەندێک قەیرانی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدایە دەرەنجامی سیاسەتی پاکتاوکردنی ڕەگەزی و گۆڕانکارییە دیموگرافییەکانی دەیەکانی ڕابردوو بە یاسایی بکات و بیچەسپێنێت.

ھەواڵی زیاتر