وەزارەتی خوێندنی باڵا: بۆ ساڵی داهاتووش داشکان لە کرێی خوێندن دەکەین

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بۆ ساڵی داهاتووش داشکان لە کرێی خوێندن دەکەن، هاوکات ئامادەکارییەکان و پلانى وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (2024-2025) و پرۆسەى گواستنەوەو دابەزین لە نێوان زانکۆکان، لە کۆبوونەوەیەکدا تاوتوێ دەکات.

دوشەممە (1ـی تەممووزی 2024)، بەسەرپەرشتى ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و بەڕێوەبەرى گشتیى کارگێڕى و دارایى، کۆبونەوەیەک لەگەڵ یاریدەدەرانى سەرۆک زانکۆکان و بەڕێوەبەرى تۆمارى سەرجەم زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا،  لەکۆبونەوەکەدا پلان و ئامادەکارییەکانى وەزارەتەکە تایبەت بە وەرگرتنى قوتابیان بۆ ساڵى خوێندنى (2024-2025) گفتوگۆى لەبارەوە کرا.

وەزیرى خوێندنى باڵا ئاماژەی بەوە کرد،  ئامانج لە کۆبونەوەکە دانانى میکانیزم و پلان و ئامادەکارییە بۆ ساڵى نوێى خوێندن، بە شێوەیەک هاوتەریب بێت بۆ سودى دەرچووان و پێداویستیەکانى بازاڕى کار، دوپاتیشیکردەوە، وەزارەتى خوێندنى باڵا بەڕەچاوکردنى کوالێتی خوێندن و لەچوارچێوەى جێبەجێکردنى پلانێکى تۆکمە، ئەمساڵیش زۆرترین دەرفەتى خوێندنى گشتى بۆ قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان فەراهەم دەکرێت، بۆ ئەمەش داواى لە زانکۆکان کرد هەموو تواناکانى خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەى زۆرترین دەرفەتى خوێندن لە ناوخۆ بڕەخسێنن، لەبارەى پرسى دارایى و بارودۆخى قوتابیان، وەزیرى خوێندنى باڵا ڕاگەیاند، بەهۆى داشکان لە کرێى خوێندن ساڵانە دەیان ملیار دینار بۆ خانەوادەى خوێندکاران و قوتابیان گەڕێنراوەتەوە، ئەمەش لەو پێناوەى پارە نەبێتە ڕێگر لەبەردەم بە دیهێنانى خەون و خولیاکانى گەنجان، گوتی، بەڵێنیش دەدەین بە هەمان سیاسەت و ستراتیژ بەردەوام دەبین بۆ خزمەتکردن بە ڕۆڵەکانى وڵاتى خۆمان، بۆیە وەک ساڵانى پێشوو ڕێگە نادەین پرسى دارایى ببێتە هۆکار بۆ لەبارچوونى خەونى لاوەکانمان.

سەبارەت بە پرۆسەى گواستنەوەو دابەزینیش لە نێوان زانکۆکان کە لە داهاتوویەکى نزیکدا دەستپێدەکات، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرجەم زانکۆکانى ڕاسپارد بەو پەڕى لە خۆبوردوویى و دڵسۆزییەوە، هاوکارى ئەو فێرخوازانە بکەن کە دەیانەوێت پرۆسەى گواستنەوەو دابەزین لە نێوان زانکۆکان ئەنجام بدەن بۆ ئەوەى لە نێو خانەوادەکانیان بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن.

لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا لەلایەن بەڕێوبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن و بەڕێوەبەرى تۆمارى گشتى زانکۆکان، گفتوگۆ لەبارەى شێواز و بابەتەکانى تایبەت بە گواستنەوەو دابەزین و وەرگرتن بۆ ساڵى نوێى خوێندن کراو بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا.