هێمن میرانی: سووتێنەران دەیانویست سەقامگیریی هەرێمی کوردستان تێکبدەن و ئابوورییەکەی لاواز بکەن

هێمن میرانی، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوو لە سەرپەشتیارانی سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک و کەرکووک چەند ناوچەیەکی دیکە، بە ناوی هونەر فەخرەدین ئەحمەد، کارمەندی یەکەی حەفتایە و یەکێکی دیکەیان ناوی محەممەد نەجات حەسەنە ئەفسەری دژە تیرۆرە لە سلێمانی، ئەمانە لە لایەن ڕاهێنەرانی چەکداریی پەکەکەوە ڕاهێنانیان پێ کراوە بۆ ئەوەی ئەو کارە تیرۆریستییانە بکەن.

هێمن میرانی، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسە هاوبەشە ڕۆژنامەوانییەکەی لەگەڵ گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە بەغدا وردەکارییەکان و ئەنجامی لیکۆڵینەوەکانی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی بازاڕەکانی لەنگە و قەیسەری هەولێر و بازاڕی چەلێی دهۆک، ڕایگەیاند.

هێمن میرانی: لێکۆڵینەوە و دەستگیرکردنی تاوانباران کارێکی هاوبەشی هەولێر و بەغدا بووە

هێمن میرانی گوتی: ماوەیەکە  ئاگرکەوتنەوە و سووتانی بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک و کەرکووک و چەند ناوچەیەکی دیکە بووەتە جێگەی پرسیار؛ پرۆسەی لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوانە و دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و  ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆکوەزیران، محەممەد شییاع سوودانی و سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی چاودێری هەنگاوکانی لێکۆڵینەوەکان دەکرا، پاشان وەزیرانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی وردی لێکوڵینەوەکان و گەیشتن بە دەرەنجامەکانیان کرد، هەربۆیە ئەوەی دەخرێتەڕوو ئەنجامی کارێکی هاوبەشی هەردوو حکوومەتە.

هێمن میرانی: مەرامی ئەو گرووپە تیرۆریستییە بڕینی قوت هاووڵاتییان و تێکدانی ئارامی هەرێمی کوردستان و عێراق بووە

میرانی گوتیشی: دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد، توانرا دەستمان بگات بە تۆڕێکی تاوانکاری کە لە ماوەی ڕابردوو زیانێکی زۆریان بەهاووڵاتییانی هەولێر، دهۆک و کەرکووک و چەند ناوچەیەکی دیکە گەیاندوە.

هەروا ڕاشیگەیاند، “دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد، دەرکەوت ئاگرکەوتنەوەکان ڕووداوی سروشتی و ئاسایی نەبوون، بەڵکو ئامانجەکەی لێدانە لە ئابووریی هاووڵاتییان، توڕەکردنی خەڵک و بڕینی سەرچاوەی قووتی هاووڵاتییانە، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە پەیوەندییەکانی نێوان هاووڵاتییان حکوومەت تێک بدەن”.

هێمن میرانی: پەکەکە لە پشتی سووتاندنی بازاڕەکان بووە  

لە ئەنجامی ئەو دانپێدانانەی لەلایەن هەردوو تیمی هاوبەشی لێکۆڵینەوەکان هەیە، ڕێکخراوی پەکەکە لە پشتی ئەو ڕووداوانەیە، سێ لە تاوانبارانەی لێرەن؛ لەمانە یەکێکیان سەرپەشتیکارە ناوی هونەر فەخرەدین ئەحمەدە، کارمەندی یەکەی حەفتایە و ئەوەی دیکەیان ناوی محەممەد نەجات حەسەنە ئەفسەری دژە تیرۆرە لە سلێمانی (CTG)، ئەمانە لەلایەن پەکەکە تەجنید کراون و ڕاهێنەرانی چەکداریی پەکەکە لە تورکیا، سووریا و قەندیلەوە هاتوون و لە کفری، لە سلێمانی، لە سەنگەسەر ڕاهێنانیان پێیان کردووە بۆ ئەوەی ئەو کارە تیرۆریستییانە بکەن.

هێمن میرانی: داواکارین هاووڵاتییانی زەرەرمەند سکاڵاکانیان تۆمار بکەن

هێمن میرانی: ئەو گرووپە بەنیازبوون دەست لەهیچ بازاڕێک نەپارێزن

هێمن میرانی سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە هاووڵاتییانی زەرەرمەند کرد کە لە نزیکترین بنکەکانی پۆلیس و لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان سکاڵاکانیان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی تاوانکارەکان باجی ئەو زیانانە بدەن کە بە قوت و ماڵ و موڵکی هاووڵاتییانیان گەیاندووە.

ڕاشیگەیاند، ئەو گرووپە تاوانبارکارییە هەر بەوە نەوەساون و مەرامیان هەبووە گورزی کوشندەتر لە ئابووری هەموو خەڵک بدەن و بەنیازبوون دەست لە هیچ بازاڕێک نەپارێزن و زیان بە هەموو ژێرخانێکی ئابووری بگەیەنن لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

گوتیشی: چۆن دەستی دادپەروەری گەیشتە ئەو تاوانبارانە، بەهەمانشێوە دەگاتە هەموو ئەوانەی لەپشتی ئەو کارە تیرۆریستیە و کارە تیرۆریستییەکانی دیکە لە پەنای زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی خەڵک و لە پەنای تێکدانی ئارامی شارەکانی هەرێمی کوردستان و شارەکانی عێراقن.