پلانە کشتوکاڵییەکانی حکوومەت ستراتیژییە و سوودی بۆ هەموو عێراق دەبێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

کەرتی کشتوکاڵ کە ماوەی چەند ساڵێکە بووەتە خەمی گەورەی حکوومەت و بە پلان کار بۆ پێشخستنی دەکرێت تەنیا ئەوە بەس نییە لە کوردستان بەرهەمی کشتوکاڵی زۆر ببێت و بازاڕەکان پڕ بن لە بەرهەمی ناوخۆ و بە لێشاو بەرهەم بخرێتە بازاڕەوە بەڵکو شان بەشانی سیاسەتی گەشەپێدانی بەرهەم دەبێت پلانی ئەوەش دابنرێت ئەو بەرهەمە چۆن هەڵگیرێت بە چ شێوەیەک بە بازاڕ بکرێت و بۆ جۆری تری خۆراک بگۆڕدرێت و بگاتە دەستی کڕیار.

لە هەرێمی کوردستان پلانی پەرەپێدانی کشتوکاڵ سەرکەوتوو بووە و لە هەندێک جۆری بەرهەم بە خۆبژێوی گەیشتووە، هەندێک جۆری تر لە ئاستی سەرووی خۆبژێوییە و دەبێت هەناردە بکرێت و هەندێک بەرهەمیش هەن کە لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان بە خۆبژێوی دەگەیەنن.
یەکێک لە گرنگترین بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان کە بە بناغەی ئاسایشی خۆراک دادەنرێت گەنمە و ئەو بەرهەمەش نزیکەی دە ساڵ دەبێت لە هەرێمی کوردستان لە سەرووی پێداویستییەکانی بەرهەم دەهێنێت. بەهۆی ئەوەی کە گەنم کاڵایەکی ستراتیجییە حکوومەتی عێراق بە پارەیەکی گونجاو لە جووتیارانی دەکڕێتەوە و لەو سایلۆیانەی لە تەواوی پارێزگاکان بنیات نراون هەڵدەگیرێن.
لە هەرێمی کوردستان قەبارەی ئەو گەنمەی بەرهەم دەهێنرێت زۆر زیاترە لە سێ هێندەی پێداویستییەکانی خەڵکی کوردستان بە ئارد و بۆیەش ئەگەر بەشێک لەو گەنمە لە لایەن وەزارەتی بازرگانی بکڕدرێتەوە ئەوا بەشی زۆری دەمێنێتەوە و ئەو گەنمەش ئەگەر کۆگە نەکرێت یان لە چوارچێوەی پیشەسازیی خۆراک بۆ بەرهەمی تری خۆراکی نەگۆڕدرێت زیان بە کەرتی کشتوکاڵ و جووتیاران دەگات.
بەشێکی زۆری گەنمی جووتیاران لە گۆرەپانەکان لە شوێنی کراوە هەڵگیراوە و جووتیارانی هەندێک ناوچە دەبێت ڕێگەیەکی زۆر دوور ببڕن تا بەرهەمەکانیان بە سایلۆ دەگەیەنن و بوونی سایلۆ لە ناوچە کشتوکاڵییەکان بە هەنگاوێکی گرنگی پەرەپێدانی ژێرخانی کشتوکاڵ هەژمار دەکرێت.
لەم سۆنگەیەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بە دروستکردنی سایلۆ بۆ گەنمی جووتیاران داوە، هەفتەی ڕابردوو سایلۆی قوشتەپە لە لایەن سەرۆکی حکوومەت کرایەوە کە بە گوژمەی بیست و یەک ملیار و دووسەد و حەفتا و شەش ملیۆن دینار دروست کرا سایلۆکە توانای هەڵگرتنی چل هەزار تۆن گەنمی هەیە و هەر ئەمساڵ سایلۆکە دەستی بە وەرگرتنی گەنمی شەمامک و سێگردکان و بالیسان کردووە
لە چوار ساڵی ڕابردوودا دوو سایلۆی تر لە بەردەڕەش و کەلار دروست کراون و لەگەڵ سایلۆکەی قوشتەپە بەیەکەوە توانای هەڵگرتنی سەد و بیست هەزار تۆن گەنمای هەیە و لەگەڵ ئەو سایلۆیانەی تر کە پێشتر بنیات نراون ڕۆڵیان هەیە لە کۆگەکردنی گەنمی جووتیاران.
دوێنێش سەرۆکی حکوومەت خۆی گەیاندە هەڵەبجە و بەردی بناغەی سایلۆی هەڵەبجەی دانا. هەڵەبجە کە یەکێک بووە لە پارێزگا پەراوێزخراوەکان ماوەیەکە گرنگی پێ دەدرێت و پڕۆژەی ستراتیژی لە پارێزگاکە جێبەجێ دەکرێن. سایلۆی هەڵەبجە بە گوژمەی زیاتر لە بیست و حەوت ملیار دینار لە لایەن هەر دوو کۆمپانیای ئەدمین و ABP TDS جێبەجێ دەکرێت و توانای هەڵگرتنی زیاتر لە چ هەزار تۆن گەنمی هەیە.
سەرۆکی حکوومەت لە کردنەوەی سایلۆکە ڕای گەیاند کە دروستکردنی ئەم سایلۆیە، بەشێکە لە پلان و بەرنامەکانیان بۆ زیاتر خزمەتکردنی جووتیارانی ئەم دەڤەرە و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و ئەنجامدانی پڕۆژەی کشتوکاڵی و پیشەسازی یان گەشتوگوزاری لەم ناوچەیە سەرەڕای ئەوەی دەبێتە هۆی زیاتر بووژانەوەی ئابووری و جموجۆڵی بازرگانی، دەرفەتی کاریش بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە دەستەبەر دەکات.
هاوکات ئەسیر داود، وەزیری بازرگانیی عێراق لە میانەی کردنەوەی پڕۆژەکە ئاماژەی دا هەستی بەوە کردووە ناوچەکە خاکی بە پیت و بەرەکەتی هەیە و شانازی بە ئاوەدانی و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی بایەخدان بە کەرتی کشتوکاڵ، هەنگاوێکی ڕیشەییە بۆ هێز و وزەی کۆگاکردن.
وەزیری بازرگانیی عێراق، ستایشی پلانەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و سەبارەت بە بەرەوپێشچوونە کشتوکاڵیەکان لە قسەکانیدا وتی؛ ئەو گەلەی زەوییەکانیان دادەچێنن هەرگیز تووشی برسێتی نابنەوە، ساڵی ڕابردوو قەبارەی بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لە هەموو عێراق گەیشتە پێنج ملیۆن و 200 هەزار تۆن، بۆ بەبازاڕکردنیش تاوەکو ئێستا پێنج ملیۆن و 500 هەزار تۆنمان تێپەڕاندووە، بەشێوەیەکی گشتی لە هەموو عێراق توانراوە ئاستی خۆ بژێوی دابین بکرێت، لە هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە ئاستی خۆ بژێوی بەرهەم هێنراوە.
گوتیشی: بە دروستکردنی سایلۆکانی کۆگاکردنی دانەوێڵە ئەو بایەخدانە زیاتر دەرکەوتووە و بۆ دەستەبەکردنی ئاسایشی خۆراک، چونکە ئاسایشی خۆراک هیچی لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی سەر زەوی کەمتر نییە کە هێزە ئەمنییەکان ڕۆڵی بۆ دەگێڕن.
بەپێی ڕووپێویی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بە دانەوێڵە چێندراوە کە دوو ملیۆن و نۆسەد و پەنجا و پێنج هەزاری گەنم بووە. پێشبینی کراوە بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بگاتە سەرووی دوو ملیۆن تۆن.

ھەواڵی زیاتر