مامەڵەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕووداوەکانی عێراق و ناوچەکە

دوێنێ ، هەژدەهەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ بە ناونیشانی ( مامەڵەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕووداوەکانی عێراق و ناوچەکە) بەڕێوە چوو.

لەم گفتوگۆیەدا کە بەڕێزان ( د.کەمال کەرکوکی ، شێخ عەبدولڕەحمان ئەلجەزائیری، سوبحی مەهدی، شێخ ئیبراهیم ئەلدلێمی، د.عوسمان عەلی، کاردۆ محەمەد، د.ئەیاد عەنبەر، غەیس ئەلتمیمی، بێکەس قادر، دڵشاد میران، خەدیجە عومەر مزوری ، سعود مستۆ نەجم، بەیار دۆسکی، غەیاسەدین نەقشبەندی،لوقمان ئەتروشی ، هەروەها ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ – شڤان حەمدی، مەحفوز مایی ، پ.د. نەزاکەت حسێن، د.جەلال `ئەحمەد، فەرهاد محەمەد) ئامادەبوون، زۆر بەچری لەچەندین ڕەهەندی جیاوازەوە گفتوگۆی ڕاشکاوانەی لەسەر کرا.
لە تەوەرێکی ئەم گفتوگۆ کراوەیەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە، لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەچەندین شێوازی جیاواز ڕووبەڕووی هێرش و هەرەشەی جۆراو جۆر بۆتەوە ، بەڵام توانیوویەتی بەلۆژیک و خۆڕاگرانە مامەڵە لەگەڵ ئەو باروودۆخە سەختانە بکات و وەرچەرخان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی و نێودەوڵەتی دروست بکات.
لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا ، جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا باشبوونی بەخۆەوە بینووە ، بەڵام بۆ ئەوەی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەردوولا بە تەواوەتی چارەسەر بکرێن، ئەوا زۆر گرنگە دەستووری عێراق وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و ، لەمەش زیاتر پاپەندی ئەو ڕێکەوتنانە بن کە لەنێوان هەرێم و بەغدا ئیمزا دەکرێت ، بە تایبەتی دوایین ڕێکەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی بۆ ئەمەش جەخت لەوە کرایەوە بەوەی پێوویستە دانووستانەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵی بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بتوانن بە دیاگۆگ و ئاشتی کێشەکان چارەسەر بکەن.