دیندار زێباری: حکوومەتی هەرێم هیچ پەنابەرێکی سووری نەگەڕاندووەتەوە وڵاتەکەی

لە ماوەی رابردوو بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن هەواڵ و ڕاپۆرتییان بڵاو کردەوە کە تێیدا ئاماژەیان بەوە کردبوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەنابەرانی سووری دەگەڕێنێتەوە سووریا؛ لەو بارەوە، د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ئەم هەواڵە دوورە لە ڕاستی و بێ بنەمایە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕوونی کردەوە، “حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پەنابەرێکی سووری نەگەڕاندووەتەوە بۆ زێدی خۆی و تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 250 هەزار پەنابەری سووری لە هەرێمی کوردستانن، ئەمانە داواکاری پەنابەرییان پەسەند کراوە بە هەماهەنگیی لەگەڵ کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و هەموویان کارتی تایبەتی پەنابەرییان هەیە”.

سەبارەت بە پێدانی مافی نیشتەجێبوون و ڤیزا بە کرێکارانی بیانی بە گشتی، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێدانی ڤیزای بە هاووڵاتیانی سووری ڕانەگرتووە، بەڵکو ئەوانەی کە سپۆنسەریان دیارە و پێویستیان بە ڤیزا هەیە بەپێی داواکاریی شوێنی کار کردنیان، ڤیزایان پێ دەدرێت. بە مەرجێک، خۆیان تۆمار بکەن لە فەرمانگەی کار و دەستەبەریی کۆمەڵایەتی. لەلایەکی دیکەوە بڕیاری ژمارە (172) لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و ڕێنمایی ژمارە (8)ی ساڵی 2022 دەرچووە و لیژنەیەکی باڵاش لە گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراوە، بەپێی ئەم بڕیارە ڕێژە و میکانیزمی کارکردنی کرێکارانی ناوخۆیی و بیانی لە پڕۆژەکاندا دیاری کراوە؛ هەر کرێکارێکی بیانی کە دەیەوێت ئیقامەی کار لە هەرێم بەدەست بهێنێت، پێویستە ڕەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ وەربگرێت و گرێبەستی کار و بیمەی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەبێت، لەم رووەوە ئاسانکاری کراوە لە دەستکەوتنی هەلی کار بەپێی مەرجەکان.

گوتیشی: ئەم ڕێکارانە بە هیچ شێوەیەک پەنابەران ناگرێتەوە، بەڵکو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە ڕێگەی فەرمییەوە لە فڕۆکەخانەکان و لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە دوای وەرگرتنی ڤیزا هاتوونەتە هەرێم.