کتێبێکی سەرۆک بارزانی لە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتییدا خەڵاتی دووەم باشترین كتێب بەدەست دەهێنێت

لە پێشبڕکێی (خەڵاتی نێودەوڵەتیی پەرتووک) کە ساڵانە لەلایەن (American Book Feast) رێك دەخرێت و خەڵات دەبەخشێتە باشترین کتێب لە هەموو بوارەکاندا، ئەمساڵ لە بواری مێژووی گشتی، کتێبێکی سەرۆک بارزانی کە بە زمانی ئینگلیزی چاپ کراوە و تایبەتە بە بیرەوەرییەکانی لەسەر رووداوە مێژوییەکانی چەندین دەیەی رابردوو، خەڵاتی دووەمی لەو پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەدا بەدەست هێنا.

پێشبڕکێی (خەڵاتی نێودەوڵەتیی پەرتووک) نزیكەی 15 ساڵە ئەو خەڵاتە بە باشترین کتێبەكانی ساڵ لە هەموو ژانرەکان دەبەخشێت.
لە ساڵی ٢٠١٠وە ئەو خەڵاتە بە چەندین كتێب لە سەرجەم بوارەکان لە سەرانسەری جیهان دراوە.

بۆ ئەمساڵ، لە بواری مێژووی گشتییدا، كتێبەکەی سەرۆك بارزانی بە ناونیشانی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، شۆڕشی گوڵان – بەرگی چوارەم – بەشی یەکەم و دووەم)،
لەلایەن داڤان یەحیا خەلیل نووسەری کوردی دانیشتووی بەریتانیاوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی، لەو پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەدا خه‌ڵاتى دووه‌می لەو بوارەدا بۆ ساڵی ۲٠۲٤ بەدەست هێنا.

شایەنی باسە ئەمە یەکەمین جارە كتێبی سەرکردەیەکی کورد لە‌ پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیی كتێبدا لەسەر ئاستی جیهان، ئەو خه‌ڵاتە به‌ده‌ست بهێنێت.
بە گوێرەی رێکخەرانی ئەو پێشبڕکێ جیهانییە لە بواری نووسین و چاپەمەنییدا، بۆ پێشبڕکێی ئەمساڵ ئەو كتێبانەی خەڵات كراون کە لە ساڵانی (٢٠٢٢، ٢٠٢٣، ٢٠٢٤) چاپ کراون.

لەبارەی خەڵاتەکەیانەوە، جێفری کین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (American Book Feast)، کە رێکخەری خەڵاتە نێودەوڵەتییەکەیە، رایگەیاند، ئەمساڵ بە هەزاران ناونیشانیان پێشکەش کراون و تەنیا ژمارەیەکی کەم پاڵێوراون بۆ خەڵاتەكان.

هەروەها جێفری کین دەڵێ: “ئەم خەڵاتکردنە ئامانج لێی پاڵپشتیکردن و پشتگیرییە بۆ جیهانی کتێب، هەروەها هەوڵێکیشە تاوەکوو سەرنجی خوێنەر رابکێشن و بگەڕێنینەوە بۆ جیهانی کتێب.”

ئەم پێشبڕکێیە كە لەژێر ناونیشانی (خەڵاتی نێودەوڵەتیی پەرتووک – International Book awards)دایە، ساڵانە بە بەشداری پێكردنی یەك ملیۆن ناونیشانی پەرتووك لە جیهاندا، رێك دەخرێت.

لەنێو كتیبە براوە و خەڵاتكراوە یەكەم و دووەمەكانی ئەمساڵدا، وێڕای كتێبەكەی سەرۆك مەسعود بارزانی، هەریەك لە پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، کە کتێبێکی تایبەت بە بیرەوەرییەکانی بڵاو کردەوە، لەگەڵ کتێبی ژیاننامەی گۆرانیبێژ و پێشکەشکاری ناسراوی ئەمریکی ڤێنیسا ولیەمس، لەگەڵ کتێبی ژیاننامەی ئاکتەری ناسراوی ئەمریکی بۆب ئۆدینکێرکیش هەبوون

ھەواڵی زیاتر