وەزیری کارەبا داوا دەکات کارگە و پڕۆژە گەورەکان ڕوو بکەنە بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر

یەکشەممە (30ـی حوزەیرانی 2024)، کەمال محەمەد ساڵح لە میانەی سەردانێکی بۆ چەمچەماڵ و کردنەوەی چەند پڕۆژەیەکی کارەبا، سەردانی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبای بە وزەی خۆر لە کارگەی ئاوی خواردنەوەی سلێمانی لە ناحیەی تەکیە کرد کە دوو مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەپێی زانیارییەکان ئەو کارگەیە بەنیازە بەرهەمهێنانی کارەباکەی بە وزەی خۆر بۆ پێنج مێگاوات زیاد بکات .

 بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی کارەبا، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا پڕۆژەکەیان بە سەر کردەوەتەوە و داوای کردووە کارگە و پڕۆژە گەورەکان ڕوو بکەنە پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر،  ئامادەیی وەزارەتیشی بۆ پاڵپشتیی و ئاسانکاری دەربڕیوە.

گوندی تربەسپی دەکەوێتە سنووری قەزای بەردەڕەش، لە 37 ماڵ پێک دێت و هەمووان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری؛ پەنایان بۆ دانانی سیستەمی گۆڕینی وزەی خۆر بۆ وزەی کارەبا بردووە و مووەلیدەی گوندەکەیان لابردووە.

لە کەرتی کارەباشدا لە هەرێمی کوردستان، لە سێ سەرچاوەی وزەی پاك کارەبا بەرهەم دەهێندرێت کە بریتین لە کۆمباین سایکڵ، وزەی خۆر و ئاو. ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی پاك لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 20%ـی تێکڕای ژێرخانی کارەبای هەرێمی کوردستانە.

بۆ زیاتر سوودوەرگرتن لە وزەی پاک لە بەرهەمهێنانی کارەبا، لە مانگی ئایاری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای بە وزەی خۆری لە هەرێمی کوردستان دانا.

پرۆژەکە بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار بە توانای 25 مێگاوات جێبەجێ دەکرێت، بڕیارە لە ساڵی 2024 تەواوبکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش بەشێکە لە دیدگای سەرۆکوەزیران و ڕوو کردنە ئاراستەی وزەی نوێ و دوورکەوتنەوە لە سووتەمەنی بەردین.

لەمیانی دانانی بەردی بناغەی ئەو پرۆژەیەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، هیوادارم ئەم ھەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ کردنی پرۆژەی هاوشێوە لە داهاتوودا و لە سەرانسەری شارەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت.

ھەواڵی زیاتر