سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: هەرچی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی سلێمانی دەیکەین

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و بەرپرسە ئیدارییەکانی پارێزگاکە گوتی: هەرچی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی خۆشەویستی سلێمانی و باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی پارێزگاکە دەیکەین.

ئەمڕۆ یەکشەممە (30ـی حوزەیرانی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری سلێمانی، سەردانی باڵاخانەی پارێزگای سلێمانی کرد و لەلایەن هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی پێشوازی لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و جێگرەکانی پارێزگا و قایمقامەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی ئامادەی بوون، پارێزگاری سلێمانی، وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆکی حکوومەت، ڕاپۆرتێکی لەبارەی کار و چالاکیی و پرۆژە و کێشە و گرفتەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی خستەڕوو.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا، کە ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییان و شارو ناوچەکانی هەرێم بکات.

هاوکات دووپاتیکردەوە، کە هەرچی لە توانایان بێت بۆ خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی خۆشەویستی سلێمانی و باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە پارێزگاکە دەیکەن .

مەسرور بارزانی، سوپاسی کەرتی تایبەتی کرد کە هاوکار و یارمەتیدەر و پشتیوانیی کارنامەی حکومەت بوون لە بواری بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز لە هەرێمی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر