سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ کەسایەتییەکانی هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان کۆبووەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هاوینەهەواری ئەحمەد ئاوای سەر بە قەزای خورماڵ لە دیداری ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی هەڵەبجە، شارەزوور و هەورامان ڕایگەیاند: ئێمە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بە ئەرکی سەرەکی خۆمان دەزانین.

ڕۆژی (30ـی حوزەیرانی 2024) لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای هەڵەبجە، لە هاوینەهەواری ئەحمەد ئاوای سەر بە قەزای خورماڵ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییەکانی هەڵەبجە، سەید سادق، پێنجوێن، هەورامان و شارەزوور کۆبووەوە.

لە دیدارەکەدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە گوتەیەکدا ئاماژە بە گرنگیی ناوچەی هەورامان کرد کە مێژوویەکی دیاری لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستاندا هەیە و دەڤەرێکی گرنگیی گەشتیاریشە.

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: ئێمە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بە ئەرکی سەرەکی خۆمان دەزانین و هەموو هەوڵێک دەخەینەگەڕ لەپێناو زیاتر گەشەپێدانی ئەم ناوچەیە و برەودان بە کارنامەی حکوومەت لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و ڕەخساندنی هەلیکار بۆ گەنجەکانمان.

ھەواڵی زیاتر