سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە سلێمانی: ئێمە و خەڵک یەک بەرەین بەڵام ئەرکی ئێمە خزمەتکردنیانە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە درێژەی سەردانەکەی بۆ سنووری سلێمانی و هەڵەبجە، لە باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ بەرپرسە ئیدارییەکانی ئەو پارێزگایە کۆبووە و لە گوتەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد: حکوومەت و خەڵک لە یەک بەرەن و ئەرکی ئێمەیە خزمەتی خەڵک بکەین.

ڕۆژی (30ـی حوزەیرانی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسە ئیدارییەکانی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: سەردانەکەیان لە چوارچێوەی کارنامەی حکوومەتە کە بە درێژایی تەمەنی کابینەی نۆیەم، هەوڵیانداوە لە نزیکەوە لەگەڵ وەزارەتەکان، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان سەردانی شار و شارۆچکەکان بکەن و پرۆژەکان بەسەر بکەنەوە.

 لە وتەکەیدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەرپرسانی ئیداریی پارێزگای سلێمانی جەختی کردەوە کە دەبێت هەمیشە هەوڵ بدەین حکوومەت بەشێک بێت لە خەڵک و لە یەک بەرەداین بەڵام ئەرکەکانمان جیاوازە، گوتیشی: ئێمە ئەمانەتێکمان لەسەر شانە دەبێت ئەرکی خۆمان لە خزمەتکردنی خەڵک جێبەجێ بکەین و خەڵکیش دەبێت بەرجەستەی بەرپرسیاریەتی هاووڵاتی بوونی خۆی بکات کە پشتیوانی حکوومەت بکات لە سەرخستنی کارەکانی بەردەوام بێت و کارە باشەکان لەبەرچاو بگیرێت و ئەگەر ڕەخنە و تێبینییەکیش هەبێت وەک چاودێرێک بە حکوومەتی بگەیەنێت بۆ چاککردنی.

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد: لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە جەختم لەسەر ئەوە کردووەتەوە، لە خۆمەوە تاوەکوو وەزیرەکان و هەموو ئەوانەی بەرپرسیاریەتییان هەیە دەبێت خۆمان بە خزمەتکاری خەڵک بزانین و ڕوونی کردەوە: ئەوەی ئەرکێک وەردەگرێت، کارەکەی ئەوەیە تەنیا بەرپرسیاریەتی و کاری زیاتری دەبێت بۆ خزمەتکردنی خەڵک.

ڕۆژی (30ـی حوزەیرانی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ پارێزگای سلێمانی و دانانی بەردی بناخەی سایلۆی هەڵەبجە و بەسەرکردنەوەی قەزای خورماڵ، سەردانی پارێزگای سلێمانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری شارەکە کۆبووەوە.

ھەواڵی زیاتر