هەڤاڵ ئەبوبەكر: سەرۆكی حكوومەت جەختی لە پشتیوانی داخوازییەكانی خەڵکی سلێمانی كردەوە

پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ سەرجەم یەکە کارگێڕییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی کردووە و، سەرجەم گرفت و کێشە سەرەکییەکان لە کۆبوونەوەکە باسیان لێوە کراوە، ناوبراو دەڵێت: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لە پشتیوانیکردنی جێبەجێکردنی داخوازییەکانی سنوورەکە و چارەسەری گرفتەکان کردەوە.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئەمڕۆ لە دیوانی پارێزگای سلێمانی پێشوازیمان کرد لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و شاندێکی یاوەری، ئەوان دیوانی پارێزگای سلێمانییان بەسەر کردەوە و لەگەڵ بەرپرسە ئیدارییەکانی پارێزگاکە کۆبوونەوە.

پارێزگاری سلێمانی، ئاماژەی بەوە دا، لەمیانەی کۆبوونەکەدا داواکاری و پێشنیازەکانی خەڵکی سنوورەکەمان خستە بەر دەستی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

ناوبراو سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕاشکاوانە لەسەر داوکاری و تێبینییەکان وەستا و جەختی لە پشتیوانیکردنی جێبەجێکردنی داخوازییەکانی خەڵکی سنوورەکە و چارەسەری گرفتەکان کردووەتەوە.

ڕۆژی (30ـی حوزەیرانی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ پارێزگای سلێمانی و دانانی بەردی بناخەی سایلۆی هەڵەبجە و بەسەرکردنەوەی قەزای خورماڵ، سەردانی پارێزگای سلێمانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری شارەکە کۆبووەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند، سەردانەکەیان لە چوارچێوەی کارنامەی حکوومەتە کە بە درێژایی تەمەنی کابینەی نۆیەم، هەوڵیانداوە لە نزیکەوە لەگەڵ وەزارەتەکان، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان سەردانی شار و شارۆچکەکان بکەن و پرۆژەکان بەسەر بکەنەوە.

ھەواڵی زیاتر