وەزارەتی تەندروستی: هیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆمارنەکراوە

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕەتی دەکاتەوە هیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆمار کرابێت.

یەکشەممە، 30-06-2024، د. سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، “هاووڵاتییەکی عەرەبی دانیشتووی بەغدا، دوای ئەوەی بە مەبەستی چارەی پزیشکی سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ناوەندیی کردووە لە شاری هەولێر، پزیشکەکان گومانی ئەوەیان لێ کردووە کە نیشانەکانی نەخۆشی تای خوێنبەربوونی هەیە، بۆیە ڕاستەوخۆ پشکنینیان بۆ کردووە و تا ئێستا ئەنجامی پشکنینەکە دەرنەچووە و نەخۆشەکە لە ژێر چاودێریی پزیشکی دایە و دۆخی تەندروستی جێگیرە”.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێنج حاڵەتی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لەم ساڵدا لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، دووانیان لە سنووری پارێزگای دهۆک و سێ حاڵەتیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی و یەکێک لە تووشبووانیش گیانی سپاردووە.

نەخۆشی تای خوێنبەربوون، لە ڕێگەی زیندەوەرێکی بچوکەوە، کە ناوی (گەنە)یە، لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا نەخۆشییەکە لەسەر ئاژەڵ دەرناکەوێت، بەڵام کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەكات.

تای خوێنبەربوون، بە چەند شێوازێك دەردەکەوێت، کە بریتین لە (ئیبۆلا، لاسا، دەنگوو، ماربورگ و یەڵۆ فیڤەر).

شێوازەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون

یەکەم: ئەگەر مرۆڤ دەست لەو (گەنە)یەی بە جەستەی ئاژەڵەوەیە بدات، یان خوێنی ئەو زیندەوەرە بچوکە بەر مرۆڤ بکەوێت، ئەوا تووشی نەخۆشییەکە دەبێت.

دووەم: ئەگەر ئاژەڵێکی تووشبوو بە تای خوێنبەربوون سەرببڕدرێت و خوێنەکەی بەر مرۆڤ بکەوێت، ئەوا مرۆڤ تووشی نەخۆشییەکە دەکات. بەڵام شیر و گۆشتی ئاژەڵێك کە تووشی تای خوێنبەربوون بووبێت، بە کوڵاندن ڤایرۆسەکەی تێدا نامێنێت.

تای خوێنبەربوون لەماوەی 3 بۆ 14 رۆژدا نیشانەکانی دەردەکەوێت، کە گرنگترینیان بریتییە لە:

1 تایەکی بەرز.

2  ئازاری ماسولکە و ئێسکەکان.

3- بێهێزیی.

4 هەستکردن بە گێژبوون.

بۆ چارەکردنی نەخۆشەکە پێویستە، پشکنینی خوێن بۆ نەخۆش بکرێت و جیابکرێتەوە لە نەخۆشی دیکە، چونکە ئەگەری زۆرە بەهۆی پاشەڕۆوە، نەخۆشییەکە بگوازرێتەوە بۆ کەسانی دیکە.

ئەو نەخۆشانەی بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە، تووشی کەمخوێنی دەبنەوە، پێویستە بەزوویی خوێنیان بۆ دابینبکرێت، ئەو نەخۆشانەش کە نیشانەی سکچوون و ڕشانەوەیان هه‌یه‌، بۆ چارەکردنیان و پاراستنیان لە وشکبوونەوە دەرمانی پێویستیان پێدەدرێت.

ھەواڵی زیاتر