وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیران (شەش)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەرکرد
ئەمڕۆ یەكشەممە، 30-06-2024، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگەیاند، وەزارەتەکە دوای تەواوکردنی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی حوزەیران (شەش)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان؛ بڕیاری خەرجکردنی مووچەی ئەو مانگەی دا.
بە گوێرەی زانیارییەکان چاوەڕێ دەکرێت سبەی دووشەممە، 01-07-2024، بڕە پارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق
وەزارەتی دارایی عێراق تاوەکو ئێستا بڕیاری لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیران (شەش)ـی وەزارەتی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی دەرنەکردووە. لەبارەی مووچەی مانگی ئایار (پێنجی) ئەو دامودەزگا ئەمنییانە، ڕایگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت لەم هەفتەیەدا کێشەکە چارە بکرێت و بڕە پارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.
ئەمە لە کاتێکدایە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، 27ی حوزەیرانی 2024، لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشارستانی و سەربازییەوە ئامادەکرا و ڕەوانەی بەغداد کرا.
لە کۆبوونەوەی ڕۆژی (26ـی حوزەیرانی 2024)ـی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دووپات کرایەوە کە ئەنجوومەنی وەزیران خوازیاری چارەکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستانە، سەرجەم وەزارەتەکانیش ڕاسپێردران کە پێویستە بەردەوام بن لەسەر ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی و میلاکی هەرێم لە کاتی خۆیدا و بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی کارئاسانی پێویست بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێم بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە وردبینی و پێداچوونەوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.