سەرۆکی حکوومەت هاوکاریی دارایی بۆ 810 قوتابی شنگال دابین کردووە کە لە دهۆک تاقیکردنەوەکان دەکەن

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “سوپاس بۆ خوا بەهاوکاریی هەموو لایەک تاقیکردنەوەکانی وەزاری پۆلی 12ـی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە بە باشی بەڕێوە دەچن”، هەروەها، سەرۆکی حکوومەت، پاڵپشتی دارایی بۆ 810 قوتابی شنگال دابین کردووە کە لە دهۆک تاقیکردنەوەکان دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 30-06-2024، د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لە دهۆک ڕایگەیاند، “سوپاس بۆ خوا بە هەوڵی مامۆستا، چاودێر، سەرپەرشتیار، بەڕێوەبەری هۆڵەکان، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەکان، لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی تاقیکردنەوەکانی وەزاری پۆلی 12ـی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە بە باشی بەڕێوە دەچن”.

ئاماژەی بەوەش دا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پاڵپشتی دارایی بۆ 810 قوتابی شنگال دابین کردووە کە لە دهۆک تاقیکردنەوەکان دەکەن، دەشڵێت: “پێش ئەو کابینەیە ئەو پاڵپشتییە نەبووە، هەروەها لەسەردەمی کۆرۆنا شوێنی مانەوە و حەوانەوەیان بۆ دابین دەکرا، هەروەها سەرۆکی حکوومەت بڕیاری داوە ئەمڕۆ یان سبەی پارەکە دەگاتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دهۆک، ئەوانیش رێکارەکانی خۆیان دەگرنە بەر”.

وەزیری پەروەردە گوتیشی “ئەمڕۆ 200 مێگاوات کارەبا زیاتر بەرهەم هێنرابوو بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی باشتر کۆنترۆڵی دۆخی تاقیکردنەوەکان بکرێت، هەروەها سوپاسی لیژنەی مووەلیدە ئەهلییەکان خاوەن مووەلیدەکان دەکەم لە گشت پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی کوردستان، کە لە کاتی بڕانی کارەبا هەڵوێست و هەماهەنگی باشیان هەبووە”.

باسی لەوەش کرد، “ئێمە لەو کابینەیەدا بڕیارمان داوە ڕووبەڕووی سەرپێچیکاران ببینەوە، بەتایبەت ئەوانەی قوتابیان فریو دەدەن، هەروەها کاری گەورەمان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کردووە و لە هیچ کەیسێکیش خۆش نەبووین، نە لە پێش تاقیکردنەوەکان نە لە دوای تاقیکردنەوەکان، بۆیە هەرکەس بیەوێت قوتابیان فریو بدات ئێمە زوو یان درەنگ ڕووبەڕووی یاسایی دەکەینەوە”.

ھەواڵی زیاتر