وەزیری بازرگانی: پێشکەوتنەکانی کوردستان جێگەی شانازییە

لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی سایلۆی هەڵەبجە لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەسیل داود، وەزیری بازرگانی عێراق لە وتەیەکدا ڕایگەیاند، “شانازی دەکەم بەوەی ئەمڕۆ لە هەڵەبجەی خۆڕاگرم ئەمە جێگەی شەرەفمەندییە”.

گوتیشی: بەر لەوەی قسەکانم بکەم دەمەوێت ئاماژە بە درێژایی ئەم ڕێگەیە بدەم کە لە سلێمانییەوە بەرەو هەڵەبجە بەڕێکەوتووین زەویی و خاکێکی پڕ خێرو بەرەکەتم بینی، بەڕاستی کوردستان جێگەی شانازییە و ئێمە شانازیی بەم ئاوەدانی و پێشکەوتنەی کوردستان دەکەین.

هەروەها وەزیری بازرگانی عێراق ئاماژەی بە ڕۆڵ و پلانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا لە بایەخدان بە کەرتی کشتوکاڵ و گوتی: ئێستاش ئێمە ئەو پێشکەوتن و بایەخدانە گەورەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتەکانی دیکە دەبینین، دەستخۆشی لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەم و پێی دەڵێم ئەم هەنگاوەی بایەخدان بە کەرتی کشتوکاڵ، هەنگاوێکی ڕیشەییە بۆ هێز و وزەی کۆگاکردن کە تەواوکاری هەوڵەکانی حکوومەتی فیدراڵە بۆ بایەخدان بە هەوڵ و ماندوبوونی جووتیاران. هەربۆیە، بە جووتیارانیش دەڵیم بەم کارەی ئەوان ئاسایشی خۆراکمان دەستەبەر کردووە.

هەر لە قسەکانیدا، ئەسیل داود، وەزیری بازرگانی عێراق گوتی: ئەو گەلەی زەوییەکانیان دادەچێنن هەرگیز تووشی برسێتی نابنەوە، ساڵی ڕابردوو قەبارەی بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لە هەموو عێراق گەیشتە پێنج ملیۆن و 200 هەزار تۆن، بۆ بەبازاڕکردنیش تاوەکوو ئێستا پێنج ملیۆن و 500 هەزار تۆنمان تێپەڕاندووە، بەشێوەیەکی گشتی لە هەموو عێراق توانراوە ئاستی خۆ بژێوی دابین بکرێت، لە هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە ئاستی خۆ بژێوی بەرهەم هێنراوە.

گوتیشی: بە دروستکردنی سایلۆکانی کۆگاکردنی دانەوێڵە ئەو بایەخدانە زیاتر دەرکەوتووە و بۆ دەستەبەکردنی ئاسایشی خۆراک، چونکە ئاسایشی خۆراک هیچی لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی سەر زەوی کەمتر نییە  کە هێزە ئەمنییەکان ڕۆڵی بۆ دەگێڕن.

ھەواڵی زیاتر