لایەنە سیاسییەکان پێشوازی لە دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن دەکەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پێشتر کێبڕکێی هەموو پارت و لیستەکان لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر سەد کورسی بوو، کۆتاکانیش یازدە کورسییان هەبوو، بەڵام ئێستا کێبڕکێی لایەنە سیاسییەکان بۆ نەوەد و پێنج کورسییە و ڕکابەری پێکهاتەکانیش بۆ پێنج کورسییە. لایەنەکانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن دەکەن، تا کۆتایی ئەم هەفتەیە پارتی لیستی ناوی بەربژێرانی یەکلا دەکاتەوە و لە وادەی تۆماری بەربژێراندا ناوەکان ڕادەستی کۆمیسیۆن دەکات. هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، دەڵێت: هەڵبژاردن زۆر گرنگە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر دەبێت هەڵبژاردنێکی پاک و ڕوون بکرێت.

ڕۆژی هەڵبژاردن
سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمی پێنجەمی بۆ کردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەرکرد، ئەمجارە ٢٠/١٠/٢٠٢٤ بۆ کردنی هەڵبژاردن دیاریکراوە. دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند، دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان و ڕەچاوکردنی ئەو ڕێکارانەی بۆ کۆمیسیۆن و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بگونجێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی ڕۆژی هەڵبژاردنی دیاریکردووە.
هەڵویستی لایەنەکان
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق، یونامی و یەکێتیی ئەورووپا، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، پێشوازییان لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد و پشتیوانیی خۆیان بۆ کۆمیسیۆن و سەرکەوتنی پرۆسەکە ڕاگەیاند.
ئەو بەربەستانەی پێشتر بە هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردن دادەنران تا ڕادەیەکی زۆر نەماون، لەوانە یاسای هەڵبژاردن، بازنەکان، گەڕانەوەی بەشێک لە کورسی کۆتاکان، نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری بەشێک لە دەنگدەران و درێژکردنەوەی وادەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، ئەوەی دەمێنێتەوە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و حیزبەکانن کە لەو ماوەیەدا هەموو ئامادەکارییەک بکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پەرلەمان و حکوومەتێکی نوێ بێنە کایەوە.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە لایەنی جێبەجێ کارە ٢٠ی ئۆکتۆبەر بۆ کردنی هەڵبژاردن بە گونجاو دەزانێت. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، دەڵێت: کاتەکە زۆر گونجاوە و پێشوازیی لێ دەکەین.
سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، دەشڵێ: ڕاگۆڕینەوە لە نێوان کۆمیسیۆن و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەبووە و دەست بە کارەکانمان کردووە بۆ ئەوەی لەو وادەیە هەڵبژاردن بکرێت.
سیستمی هەڵبژاردن
بیست و دوو پارتی سیاسی و دوو هاوپەیمانێتی خۆیان تۆمار کردووە، زیاتر لە حەفتا بەربژێری سەربەخۆ و بیست و شەش کەس بۆ کورسیی پێکهاتەکان خۆیان بەربژێر کردووە، نۆ ڕۆژ ماوە بۆ خۆ تۆمارکردنی کاندید و حیزبی دیکە، کۆمیسیۆن وادەی تۆمارکردنی کاندید و لیست و هاوپەیمانەکانی تا چواری تەمووز درێژکردەوە، قۆناغی داهاتووش بۆ ماوەی دە ڕۆژ تۆماری حیزب و بەربژێران دەست پێ دەکات. پارتی دیموکراتی کوردستان وەک یەکەم لایەنی سیاسیی، وەڵامی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی دایەوە و ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن و دەست پێ کردنی ئامادەکارییەکانیشی بۆ ئەو هەڵبژاردنە ڕاگەیاند و تا کۆتایی ئەم هەفتەیە لیستی بەربژێرەکانی یەکلا دەکاتەوە. هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: لای پارتی هەڵبژاردن زۆر گرنگە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر، دەبێت هەڵبژاردنێکی پاک و ڕوون بکرێت.
ئەو ئەندامەی کۆمیەتی ناوەندیی پارتی، دەڵێت: کردنی هەڵبژاردن پێگەی هەرێمی کوردستان لە ئێستا بەهێزتر دەکات، پارتی ئامادەکاریی تەواوی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن کردووە.
هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەختی لەوەش کردەوە، پارتی لەو هەڵبژاردنە دەنگی زۆر باش بەدەست دەهێنێت، پارتی هەمیشە ئامادە بووە بۆ هەڵبژاردن، بەڵام هەندێک سەرنج و تێبینیمان هەبوو لەسەر هەڵبژاردن کە پێکهاتەکان تێیدا بێبەش نەکرێن و ئێستا بەشێک لە کێشەکانی پرۆسەکە چارە کراون، بۆیە ئێمە پشتیوانیی لە کردنی هەڵبژاردن دەکەین و پێشبینی دەکەین دەنگێکی زۆر بەدەست بهێنین و هەر وەک حیزبی ژمارە یەک لە هەرێمی کوردستان دەمێنینەوە.
پێکهاتەکان بەشێک لە مافەکانیان بۆ گەڕایەوە
پێکهاتەکانی کوردستان بە مەسیحی و تورکمانەوە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، بۆ ئەو مەبەستە خۆیان ئامادە دەکەن، کریستیان، ئاشوور و ئەرمەن لە هەولێر و دهۆک پازدە بەربژێریان هەیە، بۆ بەدەستهێنانی دوو کورسی کۆتایی کریستیان و ئەرمەن. مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمانی، ڕایگەیاند، پێکهاتەکان پێشوازیی لە دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن دەکەن، هەروەها بۆ چەسپاندنی بنەمای دیموکراسیەت و بەهێزبوونی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە خولی ڕابردووی پەرلەمان لیستی هاوپەیمانیمان هەبوو، ئێستا کە بووە یەک کورسی مانای هاوپەیمانیەتی هیچ دەرئەنجامی نییە، چونکە یەک کورسییە، ئەوەش وا دەکات هەر یەکە و بۆ حیزبەکەی خۆی کار بکات.
مونا قەهوەچی، گوتیشی: گەڕانەوەی کورسیی کۆتاکانی تورکمان، کلدان، ئاشووری، سریانی و ئەرمەنی، بەپێی پێویستی و خواستی پێکهاتەکان نەبوو، بەڵام لەو کاتەدا بۆ چەسپاندنی بنەمای دیموکراسیەت و بەهێزبوونی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تاوەکو نوێنەری ڕاستەقینەی خۆمان لە پێکهاتەی تورکمان بچێتە پەرلەمان.
ئاماژەی بەوەش کرد، پێکهاتەکان هەمیشە لەبەر بەرژەوەندی گشتی دەستبەرداری مەفەکانی خۆیان بوونە، لەبەر ئەوەی بەرژەوەندی گشتیی گرنگترە لە بیری تەسکی حیزبایەتی، هەروەها دەبێت دۆخی هەرێمی کوردستان سەقامگیر بێت و هەمیشە بە بەهێزی بمێنێتەوە.
تاکە لایەنی تورکمانەکان کە بەدەر لە کورسی کۆتا لیستیان پێشکەش کردووە پارتی بەرەی تورکمانییە، جیاواز لە تورکمانەکان، کریستیان، ئاشووری و ئەرمەن تەنیا لە هەولێر و دهۆک پازدە بەربژێریان هەیە، هەموویان چاویان لە دوو کورسی کۆتایی کریستیان و ئەرمەنە، ڕۆبینا تیاری، ئەندامی پارتی یەکێتی نەتەوەیی، گوتی: بەشداربوونی ئێمە بۆ ئەوەیە کە ئێمە نوێنەرمان لە پەرلەمان هەبێت، تاکو بتوانین ئەو زوڵمەی لە ئێمە کراوە نەهێڵین و بتوانین لە پەرلەمان کار بکەین بۆ ئەوەی یازدە کورسی پێکهاتەکان بگەڕێنینەوە، چونکە ئەوەی ئێستا هەیە لە تموحی ئێمەدا نییە، پێشتر یازدە کورسی بوون کەم بوون و داوامان دەکرد زیاد بکرێن، ئێستا بوونەتە پێنج کورسی هەر زۆر کەمن.

ھەواڵی زیاتر